رۆژنامەیەکی سعودی وادەی گرێبەستکردنی هیلال لەگەڵ مێسی ئاشکرا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەیەکی سعودی باس لە هەوڵەکانی یانەی هیلال دەکات بۆ گواستنەوەی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی پاریس سانجێرمان.
 
رۆژنامەی «عكاظ»ـی سعودی دەڵێت "لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە زانیارییمان پێگەیشتووە کە لیۆنێل مێسی لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ سعودیە لەگەڵ کەسێکی رێگەپێدراوی یانەی هیلال کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی وردەکارییەکانی گرێبەستی هیلال بۆ ئەستێرە ئەرجەنتییەکە کردووە."
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە تێڕوانینی مێسی و یانەی هیلال لە یەکدییەوە نزیکن بۆ ئەوەی لیۆ پەیوەندی بە یانە سعودییەکەوە بکات، کە دەکرێت سەرەتای مانگی داهاتوو وادەی راگەیاندنی گرێبەستەکە بێت، کاتێک رێککەوتن لەسەر هەموو وردەکارییەکان دەکرێت."
 
هەموو کارەکان لە بەرژەوەندی یانەی هیلال دان، بۆ ئەوەی مێسی پەیوەندی بە یانەکەوە بکات، مەگەر بارسێلۆنا بتوانێت کێشە داراییەکانی چارەسەر بکات و هاوسەنگی لەنێوان داهات و خەرجییەکانی بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت ناوی یاریزانی نوێ لە لالیگادا تۆماربکات، لەکاتێکدا پێشتر خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا رایگەیاندبوو، هیچ رێککەوتنیان لەگەڵ بارسێلۆنا نییە و یانەکە وەکو میترۆ وایە، دەبێت یاریزان داببەزن بۆ ئەوەی یاریزانی نوێ سەربکەوێت.
 
بارسێلۆنا هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەر بۆ ئەوەی کێسەکانی چارەسەربکات و مێسی بگەڕێنێتەوە ریزەکانی.