سانجێرمان هێرشکردنە سەر مێسی سەرکۆنە دەکات

04-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی پاریس سانجێرمان لیۆنێل مێسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، لە بڵاوکراوەیەکدا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر رووداوەکانی پەیوەست بە هێرشکردنە سەر یاریزانان و بەرپرسانی یانەکە دەربڕی.
 
دوێنێ، دەستەی ئەڵتراسی پاریس سانجێرمان خۆپێشاندانی ناڕەزاییان بەرامبەر یاریزانان و بەرپرسانی یانەکە ئەنجامدا.
 
دەستەکە لەبەردەم بارەگای یانە پاریسییەکەدا کۆبوونەوە و هێرشیان کردە سەر بەرپرسان و یاریزانانی یانەکە و داوای دەستبەجێ دەرکردنی لیۆنێل مێسیان لە یانەکە کرد.
 
مێسی سەرەتای ئەم هەفتەیە بەگەشتێکی بازاڕگەری روویکردە سعودیە لەگەڵ خێزانەکەیدا، دواتر یانەی پاریس سانجێرمان بەبیانووی ئەوەی ئەو یاریزانە مۆڵەتی رۆیشتنەکەی وەرنەگرتووە و کەسی ئاگادارنەکردووەتەوە و نەچووەتە مەشقەکانی یانەکە، بڕیاریدا دوو هەفتە مێسی مووچەبڕ بکات و دوو هەفتەش لە مەشق و یاریکردن رایبگرێت.
 
هاندەرانی سانجێرمان تووڕەیی تووندی خۆیان بەگوتنەوەی کۆمەڵێک دروشم لە دژی ناسڕ خلێفی، سەرۆکی سانجێرمان و ژمارەیەک لە یاریزانانی یانەکە دەربڕی، لە نێویاندا لیۆنێل مێسی و نەیمار داسێلڤا و مارکۆ ڤێراتی، هەروەها کریستۆف گالتێ، راهێنەری یانەکە.
 
هاندەرە تووڕەکانی یانەکە داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەستەی کارگێڕیی یانەکەیان کرد و جنێویان بە دایکی مێسیدا بە زمانەکانی فەرەنسی و ئیسپانی.
 
سانجێرمان لە بڵاوکراوەکەیدا دەڵێ، "یانەکەمان بەتووندی سەرکۆنەی ئەو کارە نەشیاوەی گرووپێکی بچووکی هاندەران دەکات کە رۆژی چوارشەممە روویدا".
 
هەروەها دەڵێ، "جیاوازیی و ناکۆکییەکان هەرچییەک بن، نابنە بیانوو بۆ ئەو جۆرە کارانە. یانەکەمان پشتگیری تەواوی خۆی بۆ هەموو یاریزانەکانی دووپاتدەکاتەوە، هەروەها پشتگیری تەواوی بەرپرسانی کارگێڕی و هەموو بەرپرسەکانی یانەکە دەکات".
 
سانجێرمان کاری هاندەرەکانی بە "هەڵسوکەوتی شەرمهێنەرانە' ناوبردووە".
 
لە دوای ئەو رووداوانەوە، دەنگۆکانی رۆیشتنی لیۆنێل مێسی لە سانجێرمان گەرمتر بوون، میدیای فەرەنسا ئاشکرایانکردووە، مێسی بڕیاریداوە لە دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لە هاوینی ئەمساڵدا، بەیەکجاری ریزەکانی ئەو یانەیە بەجێبهێڵێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە