سەرۆکی چێڵسی: کێشەکانمان چارەسەر دەکەین

04-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی چێڵسی تۆد بۆیلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تۆد بۆیلی، سەرۆکی یانەی چێڵسی ئینگلیزی، بێدەنگیی خۆی لەبارەی دۆخی خراپی یانەکەیەوە شکاند، نەیتوانی دڵنیایی تەواو بداتە هاندەرانی یانەکە، بۆ دەربازبوون لەو قۆناخە سەختەی پێیدا تێدەپەڕێت.
 
بۆیلی گوتی، بۆچوونمان وایە کە دەتوانین کێشەکانمان چارەسەر بکەین.
 
چێڵسی بە وەرزێکی کارەساتاویی یەکجار خراپدا گوزەر دەکات، لە پلەی 12ی پرێمەرلیگە و هەڕەشەی دابەزین بۆ چامپیۆنشیپی لەسەرە.
 
بۆیلی ماوەیەکی کەمە بووەتە سەرۆکی یانەی چێڵسی، بەڵام لەو ماوەیەدا دوو راهێنەری لە پۆستەکانیان دوورخستووەتەوە کە بریتی بوون لە تۆماس توخێل و گراهام پۆتەر.
 
سەرۆکایەتی بۆیلی لە یانەی چێڵسی تەمەنی تەنیا یەک ساڵە، گەرچی ئەو سەرۆکە پەنای بۆ دەستنیشانکرانی فرانک لامپارد بە راهێنەری یانەکە برد، بەڵام ئەو هەنگاوە ئاستی تیپەکەی خراپتر کرد نەک باشتر و ئەنجامەکان لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەڕۆن.
 
چێڵسی لە دوو ماوەی گواستنەوەدا لەگەڵ بۆیلی، زیاتر لە 600 ملیۆن یۆرۆی لە گواستنەوەی یاریزاناندا خەرجکردووە.
 
تەنیا ئەنجامەکان کێشەی تیپەکەی بۆیلی نییە، بەڵکو هەندێک سەرچاوە ئاشکرایانکردووە دوای شکستی چێڵسی بەرامبەر ئارسیناڵ، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، یاریزانانی یانەکە لەنێو خۆیاندا پێکیانداوەوە.
 
بۆیلی دەڵێ، چێڵسی بردنەوەی دەوێت، ئەوەی ئێستا دەیکەین و دەمانەوێت بیکەین، "بەشێکە لە پڕۆژەیەکی درێژخایەن".
 
سەرۆکە ئەمریکییەکەی بلووز زیاتر گوتوویەتی، "هاندەران داواکارییان هەیە، هەمووان دەزانین ئەوان داوای بردنەوە دەکەن و ئێمەش هەمان ویستمان هەیە، پێموایە بۆچوونی هەمووان هاوتایە لەوەی بەچاوی دووربینییەوە تەماشای پڕۆژەکە دەکەین و هەمووشمان پابەندین بەپڕۆژەکەوە بۆ داهاتوو".
 
بۆیلی وەک خۆ دزینەوە لەوەی هیچ بەڵێنێکی راشکاوانە بە هاندەرانی یانەکەی بدات، دەڵێ، 'پێموایە ئەوەمان بۆ رووندەبێتەوە. ئێمە باشترین خولمان هەیە، هەروەها باشترین شار لە دونیادا، هەروەها باشترین لۆکەیشن لە شارەکەدا".
 
چێڵسی تەنیا پێنج یاریی ماوە لە پرێمەرلیگی ئەمساڵدا، بەرامبەر هەریەکە لە یانەکانی، بۆرنمۆس، نۆتێنگهام فۆرێست، مانچێستەر سیتی، مانچێستەر یونایتد و نیوکاسڵ یاریدەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە