تێن هاگ باس لە بایەخی سەرکەوتنی مان یونایتد بۆ چامپیۆنزلیگ دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، باسی لە بایەخ و گرنگیی سەرکەوتنی یانەکەی بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو کرد، ئەو دەڵێ، ئەو کارە لەپێناو راکێشانی یاریزانان بۆ یانەکە سوودی زۆری دەبێت.
 
مانچێستەر یونایتد کە پێشتر سێجار نازناوی چامپیۆنزلیگی لە مێژووی خۆیدا بردووەتەوە، لە ساڵی 2011ەوە نەیتوانیوە قۆناخی چارەکی کۆتایی ئەو پاڵەوانێتییە ببڕێت، ئەمساڵ یانەکە لە یۆرۆپالیگدا بەشداریی کرد.
 
تێن هاگ، قسەی بۆ میدیای ئینگلتەرا کردووە، دەڵێ، "هەموو یاریزانە گەورەکان ویستی یاریکردن لە چامپیۆنزلیگیان هەیە، مانچێستەر یونایتدیش یانەیەکی گەورەیە، لەو ماوەیەدا کە لێرەم، هەستم بەوەکردووە هەمووان دەیانەوێت یانەکە لە چامپیۆنزلیگ بێت و هەمووانیش ویستی یاریکردنیان بۆ یانەکە هەیە".
 
راهێنەرە هۆڵەندییەکە زیاتر دەڵێ، "ئێستا دۆخەکە وا دێتە بەرچاو کە ئێمە دەتوانین وەرزی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ یاریی بکەین، هەستدەکەم یاریزانەکانمان بایەخی زۆر بە گەیشتن بەو پاڵەوانێتییە دەدەن، لە پرێمەرلیگیش لە ئاستێکی باشداین، لەبەرئەوە گرنگە بۆ ئێمە وەرزی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ بین".
 
راهێنەری مان یونایتد زیاتر گووتوویەتی، گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، هاوکاریی تیپەکە دەکات بۆ ئەوەی پڕۆژەی تایبەتی بونیادنانەوەی خۆی پەرە پێبدات و بەرەو پێشبی ببات، کاتێک لە چامپیۆنزلیگ بین، ئەو یاریزانانەی داوایان دەکەین، ئاسانتر بە هاتنە یانەکەمان رازی دەبن.
 
تێن هاگ زیاتر دەڵێ، "بوونمان لە چامپیۆنزلیگ وا دەکات رووبەڕووی باشترین تیپەکانی ئەوروپا ببینەوە و بەرامبەر باشترین راهێنەران لە باشترین یاریگەدا یاریی بکەین، یاریزانەکانیش رووبەڕووی باشترین یاریزانانی ئەوروپا دەبنەوە، هەروەها خشتەی یارییەکانمان رێکدەبێتەوە لە خولی نێوخۆییدا و ئەوەش زۆر گرنگە بۆ ئەوەی کاری باش بکەین بۆ خۆدروستکردنەوە و بوون لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو".
 
راهێنەری یونایتد زیاتر دەڵێ، "یاریزانەکان ویستی خۆیان بۆ یاریکردن لە چامپیۆنزلیگ دەزانن، ئەوەش دەزانن کە پێویستە لە لووتکەی پرێمەرلیگ بن، ئێمە لەپێناو ئەو ئامانجەدا دەجەنگین، لە یاریگەیدا شەڕ لەسەر هەموو خاڵێک دەکەین، ئەمەش مانای لووتکەی تۆپی پێیە".
 
مانچێستەر یونایتد پلەی چوارەمی ریزبەندی پرێمەرلیگی گرتووە بە کۆکردنەوەی 63 خاڵ، ئەمشەو یارییەکی گرنگ بەرامبەر برایتن ئەنجامدەدات و هەردوو یانەش ویستی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوویان هەیە.