مێسی بەرەو هیلال؟

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەو کێشانەی بەهۆی دوایین سەردانیدا بۆ سعودیە لەگەڵ یانەکەی دروستبوون، بەئەگەری زۆرەوە لیۆنێل مێسی جارێکی دیکە بەدرێسی پاریس سانجێرمانەوە یاریی ناکاتەوە و لە گواستنەوەی هاوینەدا لە یانەکە دەڕوات، داهاتووی ئەستێرە ئەرجەنتییەکە بۆ هەمووان پرسیارێکە چاوەڕێی وەڵامن.
 
مێسی لە 30-6ـی ئەمساڵ گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت، هەرچەند یانەکە دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەو سەردانەی کە سەرەتای ئەم مانگە بۆ سعودیە کردی، پەیوەندی نێوان یانەکە و یاریزانەکە بەتەواوی تێکچوو، لەکاتێکدا پاریس سانجێرمان دەڵێت "مێسی بەبێ وەرگرتنی موڵەت گەشتەکەی ئەنجامداوە و سزای دەدەن"، هاندەرانی یانەکەش داوای دوورخستنەوەی لیۆ لە یانەکە دەکەن.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لەدوایین پێشهاتدا دەڵێن "لە گەشتەکەیدا بۆ سعودیە، مێسی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی هیلال کۆبووەتەوە و بە وردی گفتوگۆیان لەبارەی گرێبەستی یانەکەوە کردووە."
 
فابریزیۆ رۆمانۆ و دی مارزیۆ دوو رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی ئیتاڵین و گرنگی بە کارەکانی گواستنەوەی یاریزانان دەدەن، هەردووکیان دەڵێن "یانەی هیلال زیاتر لە 400 ملیۆن یۆرۆ، لەگەڵ گرێبەستی سپۆنسەرەکانی خستووەتە بەردەم لیۆنێل مێسی، بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەکەوە بکات."
 
لەلایەن خۆیەوە رودی گالێتی، ئەویش رۆژنامەڤانێکی ئیتاڵییە و دەڵێت "دەستەوارەی هیلال بۆ مێسی بۆ 500 ملیۆن یۆرۆ بەرزکراوەتەوە، مێسی بە یانەکەی گوتووە مانگێک موڵەتی پێبدەن، بۆ ئەوەی بەتەواوی بیربکاتەوە، ئەگەر هیچ ئۆفەرێکی گونجاوی نەبوو، ئامادەدەبێت پەیوەندی بە یانەکەوە بکات."
 
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی هیلالی سعودیش دووپاتیدەکەنەوە کە مێسی لەگەڵ هیلال رێککەوتووە.
 
تەنیا بەربەست لەبەردەم یانەی هیلالی سعودی، یانەی بارسێلۆنایە، کە دەیەوێت مێسی بگەڕێنێتەوە یانەکە و لیۆش دەیەوێت جارێکی دیکە بەدرێسی ئەو یانەیەوە یاریی بکات، بەڵام نەبوونی هاوسەنگی لە داهات و خەرجیی یانەکەدا، بارسێلۆنای خستووەتە بەردەم بارودۆخێکی ئاڵۆز و ئەگەری هەیە بەو هۆیەوە هەوڵەکانی یانەکە بۆ گەڕاندنەوەی مێسی سەرنەگرن.
 
جگە لەم دوو یانەیە، یانەی ئینتەرمیامی ئەمریکی ماوەیەکی زۆرە دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ مێسی بکات، چەند رۆژێک لەمەوبەریش دەیڤد بێکهام، خاوەنی ئەو یانەیە سەردانی مەشقەکانی پاریس سانجێرمانی کرد و لە نزیکەوە چاوی بە مێسی کەوت، بەڵام زەحمەتە مێسی ئەو بژاردەیە هەڵبژێرێت.