دیبەیتی رووداو؛ خولی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟

05-05-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خولی نایابی کوردستان
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەشێکی زۆری یانەکانی کوردستان داوای هەڵوەشاندنەوەی رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی کوردستان دەکەن، سکرتێری یەکێتی تۆپی پێی کوردستانیش دەڵێت، تاوەکو 10ـی ئەم مانگە چاوەڕێ دەبن و بڕیاری خۆیان دەدەن.

لە دیبەیتێکی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداودا کە بەبەشداریی یانەکانی سیروانی نوێ، هەندرێن، زاخۆ و یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بەڕێوەچوو، سامان وڵاتژێری لەگەڵ بەرپرسی یانەکان و یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دوایین پێشهاتەکانی خولەکە شەنوکەو کرد.

حاکم جەمال، سەرۆکی یانەی هەندرێن لەبارەی راگرتنی خولی کوردستان هەڵوێستی یانەکەی ئاشکراکرد و گوتی، نزیکەی دوو مانگە خولەکە راگیراوە، لەرووی جەستیی و هونەرییە کاریگەریی نەرێنی لەسەر یاریزانان و یانەکان دروستبووە و کوردستانیش هاوشێوەی جیهان رووبەڕووی قەیران بووە، بۆیە ئێمە وەکو یانەی هەندرێن هەڵوەشاندنەوەی خولەکە بەباش دەزانین، بۆ ئەوەش هۆکار هەن، بەتایبەت کە یانەکان پێویستیان بە مانگێک ئامادەکاری هەیە، ئێستا مانگی رەمەزانە، دوای رەمەزان تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە و زانکۆکان دەستپێدەکەن، کە بەشێکی یاریزانەکان خوێندکارن، بۆیە بە قورسی دەبینین بتوانین یارییەکانی ئەم وەرزە تەواوبکەین، لەرووی داراییشەوە قورساییەکی زۆر دەکەوێتە سەر یانەکان.

 



رزگار عەلی، راهێنەری یانەی سیروانی نوێ لەبارەی هەڵوێستی یانەکەی بۆ ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان دەڵێت، ئێمە وەکو یانەی سیروانی نوێ بەباشی دەزانین رکابەرییەکانی ئەم وەرزە دەستپێبکەنەوە، بەڵام ئەگەر لە هەر حاڵەتێکدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدرێت، ئێمە رامان لەگەڵ زۆرینە دەبێت، بەڵام ئەگەر خولەکە هەڵبوەشێتەوە ئەوان یانەکان و یاریزانەکانیش زەرەمەند دەبن، ئەگەرهاتوو بڕیاری دەستپێکردنەوەش درا، دەتواندرێت لە ماوەیەکی کەمدا یارییەکان تەواوبکرێن، بەتایبەت کە زۆر یاریی نەماوە، ئێمەش خەرجییەکی زۆرمان لەم وەرزەدا هەبووە، بۆیە پێمانباشە دەستپێبکاتەوە.

ئەو راهێنەرە لەبارەی پێویستی کات بۆ ئامادەکاریی یانەکان دەڵێت، بەلای کەمەوە پێویستیمان بە مانگێک دەبێت بۆ ئەوەی یاریزانەکان ئامادەبکەین، بەتایبەت کە ئەم دوو مانگە کاریگەریی نەرێنی لەسەر یاریزانەکان هەبووە،.

لەلایەن خۆیەوە حەمید سەلمان، سەرۆکی یانەی زاخۆ دەڵێت، بە روانینی ئێمەش هەڵوەشاندنەوەی خولەکە بەبڕیارێکی باش دەزانین، نەک لەبەرئەوەی یانەکەمان خراپە و مەترسی دابەزینی لەسەرە، بەڵکو لەسەر ئەوەی وەرزشوانان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە، بەتایبەت کە دیارنییە کەی یارییەکان دەستپێدەکەنەوە ئەگەر بڕیاری تەواوکردنی یارییەکان بدرێت، بۆیە پێمانباشە ئامادەکارییەکی باشتر بکرێت بۆ وەرزی نوێ بکرێت لە جیاتی تەواوکردنی رکابەرییەکانی ئەم وەرزە.

لەبارەی رەخنەی یاریزانەکان بۆ داواکردنی مافەکانی خۆیان کە لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی خولەکەدا یاریزانەکان زیانیان پێدەگات بەتایبەت کە بەشێکی زۆری یاریزانەکان بژێوی ژیانیان لەسەر یارییەکانە، سامان وڵاتژێری پرسیاری لە سەرۆکی هەندرێن کرد، حاکم جەمال لەو بارەیەوە گوتی، هەموو جیهان رووبەڕووی ئەم قەیرانە بووەتەوە، وەرزشوانانیش لەم زیانانە بەدەر نابن، بەڵام لە یانەکەی ئێمەدا مووچەی مانگی رابردووش بە یاریزانەکان دراوە، بەڵام سوودی نابێت ئەگەر یارییەکان دەستپێبکەنەوە، بۆیە بەباشی دەزانین کۆبوونەوەیەک بکرێت بڕیاربدرێت وەرزی نوێ لە یەکی ئەیلوول ئەنجامبدرێت، لە جیاتی ئەوەی رکابەرییەکانی ئەم وەرزە تەواوبکرێن، لەبارەی پێدانی مووچەی یاریزانەکانیشی دەڵێت، ئەوە لەسەر توانای دارایی یانەکان دەمێنێتەوە، من سێ بەشی گرێبەستی یاریزانەکانم داوە و کاتێک بڕی هەڵوەشاندنەوەش درا بڕیاری خۆمان دەدەین، بەڵام ئەگەر باسی زیانی ئابووری بکەین ئەوا هەموو سێکتەرەکان رووبەڕووی زیانەکان بوونەتەوە.

لەبارەی بەردەوامی قەیرانی دارایی یانەی زاخۆ، سەرۆکی ئەو یانەیە گوتی، ئێمە لە خولی نایابی عێراقیش بەشداربووین، بەهۆی ئەو کێشانەی دروستبوون خۆمان کێشایەوە کە ئەوەش زیانی زۆری هەبووە، قسەمان لەگەڵ یاریزانەکان کردووە بۆ ئەوەی سکاڵا لەسەر یانەکە تۆمارنەکەن، تاوەکو ئێستا یاریزانەکانی تیپی خولی کوردستانیش دوو مووچە و نیویان وەرگرتووە و لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی خولەکەش دووبارە گفتوگۆ لەگەڵ یاریزانەکان دەکەینەوە.

لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی یارییەکان و ئەنجامدانی یارییەکان لە هەر دوو رۆژ جارێکدا رزگار عەلی گوتی، ئێمە بەمە رازی نابین، چونکە بارگرانییەکی زۆر دەکەوێتە سەر راهێنەر، یاریزانان و یانەکانیش، بەتایبەت کە ماوەیەکی زۆرە یارییەکان راگیراون، هۆکارەکی نەبوونی تواناش بۆ ئەنجامدانی یارییەکان بەو شێوە دەڵێت، جیاوازییەکی زۆر لەنێوان یاریزانەکانی خولی کوردستان و ئەوروپا هەیە، خولەکانیش زۆر جیاوازیان هەیە، خواردن و خەوتنی یاریزانەکان جیاوازە، یاریزانەکان لەرووی پارێزگاریکردن لە توانای جەستەییان زۆر جیاوازی هەن.

سامان وڵاتژێری دەڵێت، وەک رووداو قسەمان لەگەڵ یانەیەکی کوردستان کردووە بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوە یان دەستپێکردنەوەی خولەکە، ئەو یانەیە دەڵێن یاریزانەکانی ئێمە کێشیان 10 کیلۆ زیادیکردووە، لەو بارەیەوە راهێنەری یانەی سیروانی دەڵێت، یاریزانەکان بەڕێژەیەکی کەم لەم ماوەیەدا راهێنانی کردووە، ئەنجامدانی راهێنانی تاکەکەسیش لەگەڵ راهێنانی بەکۆمەڵ زۆر لە یەکدییەوە جیاوازن، رۆشنبیری یاریزانانی کوردیش لەگەڵ یاریزانانی ئەوروپا زۆر جیاوازە.

سەلام حوسێن، سکرتێری یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لەرێگەی تەلەفۆنەوە بەشداریی لە دیبەیتەکەدا کرد، لەبارەی ئەگەرەکانی بەردەم خولەکە گوتی، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان پابەندە بە رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەتایبەت کە وەرزش زیاتر بەریەککەوتنی تێدایە، ئەگەر هاتوو رۆژی 10ـی ئەم مانگە بڕیاردرا چالاکییەکان دەستپێبکەنەوە، ئەوا کۆبوونەوەیەک دەکەین بۆ ئەوەی ئالیەتییەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بڕیارێک بدەین، بەڵام من وەک خۆم وای دەبینم کە نەتوانین خولەکە تەواوبکەین.

لەبارەی ئەوەی کە بۆچی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدەن حوسێن گوتی، ناتوانین بەتەنیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدەین و ئەو بڕیارە پێویستی بە کۆبوونەوەیەکی فراوان و لێکۆڵینەوە هەیە، چونکە ئەگەر هەڵبوەشێتەوە چۆن هەڵبوەشێتەوە، بۆیە زۆر راسپاردەمان پێویستە، بۆ دوایین بڕیاریش چاوەڕێین بزانین رۆژی 10ـی مانگ چ بڕیارێک دەدرێت.

لە کۆتایی دیبەیتەکەدا، رزگار عەلی، راهێنەری یانەی سیروانی نوێ لەبارەی ئەوەی کە ئامادەبوون بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی گوتی، بەڵێ ئێمە ئامادەین.

حاکم جەمال، سەرۆکی یانەی هەندرێن دەڵێت، ئێمە ئامادەنین بۆ دەستپێکردنەوە، ئەوە کات و بیرکردنەوەی زۆری پێویستە، بۆ ئەگەری خۆ کشانەوە لە خولەکەش ئەگەر دەستپێبکاتەوە جارێ زووە، بۆیە دەبێت یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ژیرانە بیربکاتەوە و ناکرێت سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان تاک لایەنانە بڕیاربدات و پێویستە کۆبوونەوە بکرێت و بڕیار بدرێت، دوای ئەوە ئێمەش بڕیاری خۆمان دەدەین.

حەمید سەلمان سەرۆکی یانەی زاخۆ دەڵێت، ئێمە ئامادەبین، بەڵام بەدڵنیاییەوە پێویستیمان بە کاتێکی باش دەبێت تاوەکو بتوانین خۆمان ئامادەبکەین.

تەواوی دیبەیتەکە

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە