چێڵسی و مانچێستەر هەوڵی رزگارکردنی وەرزە پڕ لە شکستەکەیان دەدەن


رووداو دیجیتاڵ

دوو رکابەرە سەرەکییەکەی لیڤەرپوول، لەسەر نازناوی ئەمساڵی پرێمەرلیگ، گەڕێکی دیکەی خولەکەیان بەبردنەوە کۆتایی پێهێنا، لیڤەرپوول بۆ ئەوەی لە رکابەرەکانی دانەبڕێت لە پێشبڕکێی بردنەوەی نازناوەکە، لە ئانفێڵد بەدوای بیست و یەکەمین بردنەوە لە وەرزی ئەمساڵدا دەگەڕێت کاتێک میوانداریی شیفیڵد یونایتد دەکات.
 
لەسەر کاخەز بەیەکگەیشتنی تیپێک کە بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو دەچێتەوە پێشەنگی خولەکە، لەگەڵ تیپێک کە لە ژێری ژێرەوەی ریزبەندی خولەکەیە و تاڕادەیەکی زۆر لە مانەوە بێئومێدە، پێشبینیکراو نییە سەرئێشە بۆ لیڤەرپوول دروست بکات، بەڵام هەوڵەکانی خۆرزگارکردنی شیفیڵد لە دابەزین لە دوا هەفتەکانی وەرزەکە، پێویستیان بەمامەڵەی وردی لیڤەرپوول لەگەڵ یارییەکە هەیە.
 
یارییە سەرنجڕاکێشەکەی ئەم گەڕەی پرێمەرلیگ، لە ستامفۆرد بریج دەبێت، کاتێک چێڵسی میوانداریی مانچێستەر یونایتد دەکات.. یارییەکە کە دوو لێقەوماوی ئاست خراپی وەرزی ئەمساڵ کۆدەکاتەوە و هەریەکەیان دەیەوێت بەشکستهێنان بە بەرامبەرەکەی، کەمێک گوشاری هاندەرەکانی لەسەر خۆی کەمبکاتەوە.
 
چیرۆکی چێڵسی لە وەرزی ئەمساڵدا، چیرۆکێکی دووبارەی وەرزی پێشترە، چیرۆکێک کە هەموو کات بیری هاندەرانی یانەکەی دەخاتەوە، تیپەکەیان دەیان گرێبەستی گەورەی کردووە و سەدان ملیۆن پاوەندی لە هێنانی یاریزاناندا خەرجکردووە، کەچی ئێستا لە پلەی دوانزەی ریزبەندی خولەکەیە و لە بازنەی نێوەڕاستی ریزبەندییەکەدا، دەخولێتەوە.
 
چێڵسی ئەمساڵ ئەگەرچی راهێنەریشی گۆڕی، بەڵام تیپەکە لە گێژاوی ئەنجامە خراپەکان و کەوتن و شکستەکانی خۆی رزگاری نەبوو، بەڵکو لە هەمان سنووردا مایەوە و هیچ هاندەرێکی بلووز نییە، بەوەی لە تیپەکەدا روودەدات، دڵخۆش بێت.
 
مانچێستەر یونایتد، ئەگەرچی ئەنجامەکانی کەمێک لە چێڵسی باشتربن، بەڵام ئەو تیپەش مایەی نیگەرانیی هاندەرەکانێتی و ئەوان پێیانوابوو دەکرێ لە ساڵی دووەمی کارکردنی تێن هاگی راهێنەردا، تیپەکە کاری گەورە بکات، ناچاربوون ئەو راستییە قبووڵ بکەن کە خەونی باشبوونەوەی یونایتد، لەم وەرزەدا بەدی نایەت.
 
مانچێستەر لە یارییەکەدا ئامانجی روونترە، ئەو تیپە لانیکەمی خەونەکانی خۆی لە گەڕانەوە بۆ چامپیۆنزلیگ کۆکردووەتەوە، بەڵام تۆتێنهام هۆتسپێر لە ململانێیەکی توونددایە لەگەڵی بەهەمان ئامانج و یونایتد چەندە دەبێ خۆی بردنەوە بەدەست بهێنێت، ئەوەندەش دەبێت تۆتێنهام دیاریی پێشکێش بکات، تاوەکو هەموو شت، کۆتاییەکەی بۆ یانەکە خەمهێن نەبێت.
 
چێڵسی و یونایتد، ئەگەرچی لە ریزبەندیدا زۆر لەیەکدییەوە دوورن و یەکەمیان دوانزەیەمە و دووەمیان شەشەمە، بەڵام جیاوازیی خاڵەکانیان تەنیا هەشت خاڵە و سێ خاڵەکەی ئەمشەوی نێو یاریگە، بۆ هەردوو تیپ، زۆر شت لە وەرزە بەرەو کۆتاییەکەی پرێمەرلیگدا دەگۆڕێت.