پلانی ریال مەدرید بۆ راگەیاندنی گرێبەستی ئێمباپێ ئاشکرابوو

04-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئیسپانی، پلانی یانەی ریال مەدرید بۆ راگەیاندنی گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ ئاشکرا دەکات.
 
گرێبەستی ئێمباپێ لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان لە 30ـی مانگی حوزەیرانی داهاتوو کۆتاییدێت، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن یاریزانەکە لە یانە فەرەنسییەکە بڕوات و پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە بکات.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس پێیدا تێدەپەڕێت، ریال مەدرید مافی دیاریکردنی وادەی راگەیاندنی گرێبەستەکەی داوەتە ئێمباپێ، بە مەرجی ئەوەی وادەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بگونجێت.
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئێمباپێ لە هەفتەی یەکەمی مانگی شوباتی رابردوو بۆ ماوەی پێنج ساڵ گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆکردووە، تەنیا راگەیاندنی فەرمی گرێبەستەکەی ماوە."
 
مارکا ئەوەشی نووسیووە، خولی فەرەنسا لە 18 یان 19ـی 5 کۆتاییدێت، ئەگەر پاریس سانجێرمان پارێزگاری لەم پێشکەوتنەی بکات، ئەگەری هەیە 3 بۆ 4 گەڕ بەر لە کۆتاییهاتنی خولەکە نازناوەکە یەکلابکاتەوە، ئەگەر هەردوو یانەی پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید رووبەڕووی یەکنەبنەوە، ئەگەری هەیە مانگی داهاتوو گرێبەستەکەی رابگەیێنرێت.
 
نزیکبوونەوەی ئێمباپێ لە ریال مەدرید تاوەکو دێت ئاماژەکانی زیاتر دەبن، بەتایبەت کە لە ماوەی رابردوودا لە بەشێکی یارییەکانی پاریس سانجێرماندا بە یەدەگ بەشداریی لە یارییەکاندا کردووە، یان گۆڕانکاریی پێکراوە.
 
پێشتر کیلیان ئێمباپێ رایگەیاندبوو، بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، داهاتووی خۆی یەکلادەکاتەوە.
 
کیلیان ئامانجی ئەوەیە بە دەروونێکی ئارامەوە بچێتە ئەڵمانیا، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا، رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی گەورەترین پاڵەوانێتیی هەڵبژاردەکانی ئەوروپا بکات.
 
ریال مەدرید لە رۆژانی 29 و 30ـی مانگی داهاتوو، دوو ئاهەنگی گەورە لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ رێکدەخات، تایلەر سویفت، گۆرانیبێژی بەنێوبانگی ئەمریکی لە ئاهەنگەکەدا گۆرانی دەڵێت، بەڵام دیارنییە راگەیاندنی گرێبەستی ئێمباپێ پێش ئەو ئاهەنگانە دەبێت یان لە دوایان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە