ڤیدیۆ؛ ئەڵۆنسۆ کارێک دەکات لە مێژوودا نەکراوە

04-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بایرلیڤەرکوزن
بایرلیڤەرکوزن
نیشانەکردن بایرلیڤەرکوزن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

درەوشانەوەی چابی ئەڵۆنسۆ و یانەی بایرلیڤەرکوزن لەسەر ئاستی تۆپی پێی ناوخۆ و ئەوروپا بەردەوامە، یانەکە خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیا و لەبەردەم هەلێکی مێژوویدایە بۆ بردنەوەی سێ نازناو لەم وەرزەدا.
 
لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئەڵمانیادا، بایرلیڤەرکوزن لە یاریگەی بای ئارێنا میوانداریی یانەی دوسێلدۆرفی کرد و بە ئەنجامێکی گەورە خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیا.
 
دوای تەنیا 6 خولەک یارییکردن، جێرمی فریمپۆنگ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە بە لێدانێکی بەهێز تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 19 ئەمین عەدلی گۆڵی دووەمی بۆ بایرلیڤەرکوزن تۆمارکرد و هەر زوو رکابەرەکەی لە رکابەریکردن لەسەر بلیتی یاریی کۆتایی بێهیوا کرد.
 
فلۆریان فیرتز لە خولەکی 35 بۆ جاری سێیەم تۆڕی یانەی میوانی هەژاند، بایرلیڤەرکوزن بە ئارامییەکی زۆرەوە نیوەی یەکەمی یارییەکەی تەواوکرد.
 
لە نیوەی دووەمدا هێرشەکانی خاوەن یاریگە بەردەوامبوون، لێدانێکی سزا بۆ بایرلیڤەرکوزن هەژمارکرا، فلۆریان فیرتز سەرکەوتووانە جێبەجێیکرد و گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی یانەکەی تۆمارکرد.
 
یارییەکە بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندیی یانەی بایرلیڤەرکوزن کۆتاییهات، تیپەکەی چابی ئەڵۆنسۆ گەیشتە یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیا.

 
کەی یاریی کۆتاییە؟
 
یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیا، رۆژی 25ـی مانگی داهاتوو، لەنێوان هەردوو یانەی بایرلیڤەرکوزن و کایسەرسلاوتێرن بەڕێوەدەچێت.
 
یارییەکە لە یاریگەی ئۆڵیمپی بەرلین، کاژێر 21:00 ئەنجامدەدرێت.
 
ریکۆردە مێژووییەکانی لیڤەرکوزن و ئەڵۆنسۆ
 
بایرلیڤەرکوزن بەسەرکردایەتیی چابی ئەڵۆنسۆ، راهێنەری لاوی ئیسپانی بەکاتێکی زێڕیندا تێدەپەڕێت و لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ بردنەوەی سێ نازناو لە یەک وەرزدا.
 
* لیڤەرکوزن لە یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیایە و نزیکە بۆ جاری یەکەم لە دوای 31 ساڵ نازناوی پاڵەوانێتییەکە بباتەوە، کە لە ئەگەری بردنەوەی نازناوەکە، تیپەکە دەبێتە خاوەنی دوو نازناوی جامی ئەڵمانیا.
 
* لیڤەرکوزن لەم وەرزەدا بەشێویەکی گشتی 40 یاریی ئەنجامداوە، 35 یاریی بردووەتەوە، لە 5 یارییدا یەکسانبووە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.
 
* لیڤەرکوزن پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەڵمانیایە و 13 خاڵ لە دووەمی ریزبەندی خولەکەوە دوورە.
 
* لیڤەرکوزن لە قۆناخی هەشتی یۆرۆپالیگە

 
* چابی ئەڵۆنسۆ یەکەم راهێنەرە لە مێژووی لیڤەرکوزندا 14 یاریی لەسەریەک لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا بباتەوە.
 
* ئەڵۆنسۆ یەکەم راهێنەرە لە مێژووی یانەکەیدا 8 یاریی لەسەریەک لە بوندێسلیگادا بباتەوە.
 
* ئەڵۆنسۆ یەکەم راهێنەرە لە مێژووی تۆپی پێی ئەڵمانیادا 40 یاریی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا ئەنجامدابێت، بەبێ ئەوەی بدۆڕێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە