ئالێگری بۆ یارییەکەی ئینتەرمیلان هۆشداری دەداتە یاریزانەکانی

04-04-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ماسیمیلیانۆ ئالێگری ئینتەرمیلان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەی یوڤێنتوس، دووپاتیکردەوە کە ئینتەرمیلان تیپێکی بەهێزە سەرەڕای ئەوەی بەم دواییە هەندێک لە ئەنجامەکانی باش نەبوونە و داوای لە یاریزانەکانی کرد تووشی لەخۆباییبوون نەبن.
 
ئەمشەو لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئیتاڵیادا، یوڤێنتوس میوانداری یانەی ئینتەرمیلان دەکات و هەوڵدەدات لەسەر یاریگەی خۆی و بەرامبەر هاندەرانی ئەنجامێکی باش بەدەستبێنێت.
 
ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەی یوڤێنتوس، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و گوتی "ئەمە پاڵەوانێتییەکی جیاوازە و یارییەکە لە قۆناخی پێشکۆتاییدایە، بەڵام بەتایبەتی لەبەرئەوەی یاریی نێوان یوڤێنتوس و ئینتەرمیلانە". 
 
ئەو هەروەها گوتی "دەبێت ئەو بارودۆخە گونجاوە دروست بکەین کە بتوانین سەرکەوتن بەدەستبهێنین. یارییەکی ئاسان نییە، ئینتەر بە تیپێکی بەهێز دەمێنێتەوە بەبێ گوێدانە بارودۆخی ئەمدواییەی". 
 
ئالێگری زیاتر گوتی "لە راستیدا ئێستا ئەو جۆرە کاتانەن کە دەبێت ئاستێکی بەرزی تێگەیشتنمان هەبێت، چونکە ئەوەندە پەسنی یوڤێنتوس دراوە و ئەوەندە شت گوتراوە، کە راستییەکان لەبیر دەکەین. ئێمە رووبەڕووی تیپێکی بەهێز دەبینەوە، چ لە رووی تەکنیکی یان لە رووی جەستەییەوە. لە هەندێک یارییدا دۆڕاون، بەڵام ئەوە بەم دواییانە بووە، بۆیە دەبێت وریا بین".
 
راهێنەری یوڤێ، سەبارەت بە سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەمیلانیش، گوتی "پێموایە ئینزاگی کارێکی نایاب دەکات، لەگەڵ لازیۆ نازناوی جامی ئیتاڵیای بردەوە، کە لە دوای یوڤێنتوس خاوەنی زۆرترین نازناوی جامی ئیتاڵیایە، لە ئینتەرمیلان جامی ئیتاڵیا و جامی سوپەری بەدەستهێنا، ئینتەر تیپێکی بەهێزە، رۆژی شەممە ئاستێکی باشیان پێشکێ کرد و هەلی زۆریان دروستکرد".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە