راهێنەری ئیتاڵیا لە دژی فیفا دەوەستێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا رەخنەی تووندی لە بڕیارەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی گرت بە زیادکردنی ژمارەی هەڵبژاردە بەشدارەکان لە مۆندیالی داهاتوو بۆ 48 هەڵبژاردە.
 
فیفا بڕیاریداوە لە مۆندیالی 2026دا کە کەنەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و مەکسیک میوانداری دەکەن، ژمارەی هەڵبژاردە بەشدارەکانی ئەو مۆندیالە بۆ 48 هەڵبژاردە بەرز بکاتەوە. فیفا پێیوایە جامی جیهانیی دەبێ زۆرترین هەڵبژاردەی جیهان بەشداریی تێدا بکەن.
 
مانچینی دژی بڕیارەکەی فیفا وەستاوەتەوە، ئەو دەڵێ، "لە کاتێکدا دەبێ ژمارەی ئەو یارییانە کەمبکەینەوە کە یاریزانان ئەنجامی دەدەن، کەچی بەپێچەوانەوە دێن ژمارەی ئەو یارییانە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکەن، لە کاتێکدا دەبێ کەمی بکەینەوە تاوەکو یاریزانەکان پشوویەک وەربگرن و هەناسەیان بێتەوە بەر".
 
مانچینی کە نازناوی یۆرۆی 2020ی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیادا بەدەستهێناوە، زیاتر گوتوویەتی، "کاتێک روو لە مۆندیال دەکەین، یاریزانەکانمان هەموویان شەکەتن".
 
مانچینی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا گرێبەستی هەیە تاوەکو ساڵی 2026 کە وادەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیالە. 
 
فیفا بڕیاریداوە لە مۆندیالی داهاتوودا لەبری 32 هەڵبژاردە، 48 هەڵبژاردە بەشداریی بکەن و بەوەش ژمارەی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە 64 یارییەوە بەرز دەبێتەوە بۆ 104 یاری.
 
بەپێی سیستمی نوێی پەیڕەوکراو لە مۆندیالدا، هەڵبژاردە بەشدارەکان بەسەر 12 کۆمەڵەدا دابەشدەکرێن، هەر کۆمەڵەیەک لە چوار هەڵبژاردە پێکدێت و لە هەر کۆمەڵەیەک یەکەم و دووەم دەگەنە قۆناخی داهاتوو، جگە لە هەشت هەڵبژاردە کە باشترین پلەی سێیەم لە کۆمەڵەکانیان بەدەستدەهێنن و بەوەش هەڵبژاردەکان دەگەنە قۆناخی 32ی مۆندیال.
 
ئەو چوار هەڵبژاردەیەی دەگەنە قۆناخی نیوەی کۆتایی مۆندیال، لەبری حەوت یاری کە پێشتر بەدرێژایی پاڵەوانێتییەکە ئەنجامیاندەدا، هەشت یاریی ئەنجامدەدەن.