لێدوانی راهێنەران لەبارەی یاریی لووتکەی ئەمشەوی پرێمەرلیگ

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی چێڵسی لە یارییەکی دواخراوی گەڕی 8ـی پرێمەرلیگدا، لەسەر یاریگەی ستامفۆرد بریج، میوانداری یانەی لیڤەرپوول دەکات.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، راهێنەرانی هەردوو یانە قسەیان بۆ مدیاکاران کردووە و بۆچوونی خۆیان لەبارەی یارییەکە و دۆخی تیپەکانیان کردووە، ئەمە پوختەی قسەکانی هەردوو راهێنەرەکەیە:
 
برۆنۆ سالتۆر، راهێنەری کاتی یانەی چێڵسی:
 
قبوڵکردنی پۆستی راهێنەری چێڵسی دەکرێت مانای ئەوە بێت کە ئێستا لێرەم و هەوڵدەدەم پرۆسەکە بەردەوام بێت، بەپێی توانا هەوڵمان داوە هاوکاری بکەین. پێموایە گراهام کارێکی باوەڕپێنەکراوی کردووە. تۆپی پێ کارێکی ئاڵۆزە و دەبێت بەردەوام بین.
 
ئایا ئەگەر هەیە لە داهاتوو لە پۆستەکەدا بمێنمەوە؟ پێش هەموو شتێک رۆژێکی خەمناکە بۆ ستافەکە، چونکە گراهام و بەیلی دوو راهێنەری نایاب بوون، وەک دوو کەسی باش دەیانناسم، من دەتوانم پیشەگەر بم و هەوڵبدەم، بۆ ئەوەی یاریزانەکان بە باشترین شێوە بۆ یارییەکەی بەرامبەر لیڤەرپوول ئامادە بکەین.
 
قسە لەگەڵ یاریزانەکان دەکەین و لە کۆتاییدا بەرپرسیارێتی لەئەستۆ دەگرین، دەبێت بەردەوام ئەرێنی بین و هەوڵبدەین سەرنجمان لەسەر یارییەکە بێت، ئەوە وزەمان پێدەبەخشێت.
 
 
یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول:
 
ناتوانم روونی بکەمەوە کە بۆچی من هێشتا راهێنەری لیڤەرپوولم، لە راستیدا من ئەوە دەزانم کە بەهۆی رابردووەوە ئێستا لێرە دانیشتووم نەک بەهۆی ئەوەی لەم وەرزەدا کردوومانە. بۆیە ئەگەر ئەمە یەکەم وەرزی من بووایە، کەمێک جیاواز دەبوو. ئێمە خاوەنی زیرەکمان هەن و ئەوان دەزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە بارودۆخانەدا بکەن.
 
ئاساییە کە دەرکردنی گراهام پۆتەر لە راهێنەرایەتی چێڵسی ژکاریگەری هەبێت، پێتان گوتم کە ستافی تەکنیکییان دەمێننەوە. ئێمە هیچ مەشق و راهێنانێکی دیکە ناکەین. لە رووی چاکبوونەوە، ناتوانین ئەو کارانە بکەین کە زۆر چڕ بن چ لە رووی جەستەیی و چ لە رووی دەروونییەوە. بەدڵنیاییەوە ئەوە دەکەین، بەڵام دڵنیام چێڵسی و یاریزانەکانی دەیانەوێت کاردانەوەیان هەبێت، باجەکەی هەرچییەک بێت. کاتێک سەیری یارییەکەی بایرن میونشن و دۆرتموند دەکەیت، دوای ئەوەی نایگلێسمان دوورخرایەوە، یاریزانانی بایرن کاردانەوەیان هەبوو، و بە ئەنجامی 4-2 سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و پلەی یەکەمی خولەکەیان بەدەستهێنایەوە.