مێسی بۆ گەڕانەوە بۆ کامپ نو 4 مەرجی هەیە

رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، ئەو مەرجانەیان ئاشکراکرد کە پێویستە بارسێلۆنا جێبەجێیان بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەفسانە ئەرجەنتینییەکەی، لیۆنێل مێسی بگەڕێنێتەوە ریزەکانی.
 
ماوەی گرێبەستەکەی لیۆنێل مێسی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی دێت، تاوەکو ئێستاش هیچ رێککەوتنێک سەبارەت بە کاراکردنی بڕگەی درێژکردنەوەی گرێبەستەکە نەکراوە.
 
وادیارە مێسی گرێبەستەکەی لە پارکی شازادەکان نوێ ناکاتەوە، ئەمەش دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاندەرانی پاریسی، کە پێشتر لەدوای ماڵئاوایی تیپەکەیان لە چامپیۆنزلیگ فیکەیان بۆ لێدا و ئەمجارەش دوای دۆڕانیان لە لیگ وەندا بەرامبەر یانەی لیۆن ئەو کارەیان بەرامبەر لیۆ بەکارهێنا.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، بارسێلۆنا دەیەوێت لە مێرکاتۆی هاوینی داهاتوودا مێسی بگەڕێنێتەوە، بەڵام 4 مەرجی هەیە کە دەبێت جێبەجێ بکات ئەگەر بیەوێت مێسی بگەڕێنێتەوە بۆ کامپ نو، کە بریتین لە:
 
ــ ناردنی دەستەوارەیەکی دارایی باش، وەک ئەو دەستەوارەیەی کە پاریس سانجێرمان ئێستا خستوویەتە سەر مێزەکەی لیۆ.
 
ــ خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا پەیوەندی بە مێسییەوە بکات و وادەیەک بۆ کۆبوونەوەیەکی نێوانیان دیاری بکات، روونکردنەوە لەبارەی ئەوەی لە ساڵی 2021 روویداوە بدات، هەروەها هۆکاری نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا روون بکاتەوە.
 
ــ پێویستە بۆ مێسی و باوکی روونی بکەنەوە کە چۆن لیۆ دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ یاریکردن لە لالیگا، بەبێ ئەوەی یانەکە رووبەڕووی کێشەی دارایی ببێتەوە کە پەیوەندی بە "یاری خاوێن"ـەوە هەبێت.
 
ــ مەرجێکی دیکەی مێسی هێشتنەوەی دانوستاندنەکانە بە نهێنی، چونکە پێداگری ئاشکرای بارسێلۆنا لەسەر هەبوونی دانوستاندن لەگەڵ مێسی، لەوانەیە کاردانەوەی هەبێت، هەروەها لیۆ هێشتا چەند مانگێکی ماوە لە پاریس بژیت، و لانیکەم 4 یاری ماوە کە لە پارکی شازادەکان و بەرامبەر هاندەرانی یانەکە ئەنجام بدات.