ریال مەدرید رەخنەی لە ناوبژیوانانی کلاسیکۆ هەیە

04-04-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یاریی کلاسیکۆ ناوبژیوانان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید، گلەییان لە لیژنەی ناوبژیوانان لە یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا هەیە، بەهۆی دانانی هەردوو ناوبژیوانی سەرەکی یاریی کلاسیکۆ و ناوبژیوانی ڤار، کە پێیانوایە ئەوان پێشتر لە یارییەکدا 6 هەڵەیان دژی ریال مەدرید کردووە و ئەو یارییە بووەتە هۆکاری ئەوەی یانەی شاهانە نازناوی پاڵەوانێتییەک لەدەستبدات.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، یانەی ریال مەدرید ناڕەزایی دەربڕیوە بەرامبەر بە دەستنیشانکردنی ستافی ناوبژیوانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا.
 
لیژنەی ناوبژیوانانی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، ناوبژیوان خوان مارتینێز مۆنۆیرای وەک ناوبژیوانی سەرەکی و خۆسێ لویس گۆنزالێز، وەک ناوبژیوانی ڤار بۆ بەڕێوەبردنی یاریی کلاسیکۆ دەستنیشانکرد.
 
رۆژنامەکانی ئیسپانیا رایانگەیاندووە، بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید پێیانوایە ئەم دوو ناوبژیوانە لە ماوەی رابردوودا زیانێکی زۆریان بە تیپەکەیان گەیاندووە، پێناچێت گونجاو بن ناوبژیوانی یارییەکی بەو شێوەیە گرنگ بن.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە "ریال مەدرید دوانەکەوت لە وەڵامدانەوەی ئەم دامەزراندنە، چونکە لە کەناڵی فەرمی یانەکە لە بوولتەنی هەواڵەکانیدا ڤیدیۆ کلیپێکی بڵاوکردەوە کە هەڵەکانی ناوبژیوانان بەرامبەر یانەی شاهانە بیردەخاتەوە".
 
یانەکە لە کەناڵی فەرمی خۆی باسی لەوە کردووە کە چۆن ئەم دووانە یەکێک لەو یارییانەیان بەڕێوەبردووە کە تیایدا ریال مەدرید زۆرترین زیانی پێگەیشتووە لە مێژووی ئەم دواییەیدا، ئەویش بەرامبەر سێڤییا بووە لە وەرزی 2020-2021.
 
بەگوێرەی کەناڵەکە، لەو یارییەدا ئەو دوو ناوبژیوانە بە هەڵەکانیان بوونەتە هۆکاری لەدەستدانی نازناوی پاڵەوانێتییەک لە لایەن ریال مەدریدەوە، کە لەو یارییەدا ناوبژیوانەکان 6 هەڵەی چارەنووسسازیان بەرامبەر یانەی ریال مەدرید ئەنجامداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە