فیفا هەڕەشەی دەرکردن لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال لە عێراق دەکات

رووداو دیجیتال

ئەحمەد کۆچەر، ئەندامی دەستەی کاتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت  بە تۆڕی میدیایی رووداو، دووپاتیکردەوە کە فیفا هۆشداری داوەتە عێراق و گوتی "ئەگەر دەنگ بە یاسای فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق نەدرێت ئەگەری دەرکردنی هەڵبژاردەی نیشتیمانیی عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر دێتە ئاراوە".

ئەحمەد کۆچەر، بۆ رووداو دووپاتیکردەوە کە نوێنەری فیفا، کەریم حەیدەر لە میانەی کۆبوونەوەکانی دوو رۆژی رابردوودا، هۆشداری ئەوەی داوە کە دەنگنەدان لەسەر یاسای ئێستای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ناوخۆ، عێراق رووبەڕووی سزا نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە، کە لەوانەیە بگاتە سڕکردن، راگرتن و دەرکردن لە پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی 2022ـی قەتەر.

کۆچەر گوتی "هەندێک کەس و لایەن هەن دەیانەوێت لەبەر بەرژەوەندی خۆیان زیان بە تۆپی پێی عێراق بگەینن".

هەروەها گوتیشی "ئەوان گوێ بەوە نادەن کە ئەو هەموو کۆشش و ماندووبوونەی هەڵبژاردەی نیشتیمانی بە فیڕۆبچێت، کە تاوەکو ئێستا ئاستێکی بەرزی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا پێشکەش کردووە و هەموومان هیوامان بەوەیە عێراق بەشداری لە مۆندیالی 2022ـی قەتەردا بکات".


میدیای عێراقیش لەو بارەیەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە "کەریم حەیدەری لوبنانی، نوێنەری فیفا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، لە کۆبونەوەکانی دوو رۆژی رابردووی لەگەڵ نوێنەرانی 20 یانەکەی خولی نایابی عێراق، زۆر راشکاوانە قسەی کردووە و بۆ هەموو لایەک ئاشکرایکردووە کە عێراق دەچێتە بۆشایی یاساییەوە، مەگەر ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی بارودۆخەکە بە جددی وەربگرن و دەنگ لەسەر وەشانی یاسای بنەڕەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بۆ ساڵی 2021 بدەن".

ئەحمەد کۆچەر، لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، ئەوەشی خستەڕوو کە نوێنەری فیفا روونیکردووەتەوە کە بڕگەی رێگەگرتن لە فرەپۆستی بە جێگیری دەمێنێتەوە و هیچ گفتوگۆ و دەنگدانی لەسەر ناکرێت،  چونکە لە یاساکانی ئەخلاقی فیفادا جێگیرکراوە، کە بە ناکۆکی بەرژەوەندییەکان ناوبراوە، زێدەباری یاسای نوێی فیدراسیۆنی وەرزشی کە لە کانوونی دووەمی رابردوودا لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە، کە ماددەیەکی روون و ئاشکرای تێدایە و دەڵێت "هیچ کەسێک رێگە پێنادرێت لە زیادتر لە پێگەیەکی وەرزشیدا کاربکات، بۆیە فیفاش ناکۆک نابێت لەگەڵ یاسا نیشتمانییەکاندا، مەگەر جیاوازی و سەرپێچی لە رێسا نێودەوڵەتییەکان بکات".

بەپێی هەواڵی میدیای عێراقی، ژمارەیەک بڕگەی یاسایی هەن دەکرێت هەموار بکرێنەوە و گۆڕانکارییان تێدا بکرێت، لەوانەش زیادکردنی ژمارەی ئەندامانی مەکتەبی نوێی جێبەجێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە 9 ئەندامەوە بۆ 13 ئەندام، هەروەها هەموارکردنی مەرجەکانی دەستپاکیی جێگیرکراو لە لیستی پاڵاوتندا بەپێی یاسا ناوخۆییەکان.

کۆچەر گوتیشی "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەبێت دەنگدان لەسەر یاسای فیدراسیۆنی تۆپی پێ و سیستمی هەڵبژاردن بکرێت، ئەگەرنا فیفا هەڵوێست وەردەگرێت و لەوانەیە سزاکان زۆر تووندبن".


بۆچی فیفا بە سزا نێودەوڵەتییەکان هەڕەشە لە عێراق دەکات؟ 

- لە سەرتادا سزای نێودەوڵەتی بە واتای بێبەشکردنی هەڵبژاردە و یانە و کەسایەتییەکانی عێراق دێت لە هەموو چالاکییە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکاندا.

- ئەو هەڕەشەیەی ئێستا لە رێگەی نوێنەری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتییەوە لە عێراق کراوە، تەنیا وەبیرهێنانەوەی یاسا و سزاکانی فیفایە.

یاسا چییە و بۆچی کێشە هەیە؟

- رێساکانی ئەخلاقی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی 2018 لە یاسای فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیدا هەموارکراوە، باس لە ناکۆکی بەرژەوەندی دەکات، واتا وەرگرتنی زیاتر لە پێگەیەک لە هەمان یارییدا.

واتە کەسێک سەرۆک یان ئەندامی یانەکی دیاریکراو بێت، هاوکات ئەندامی فیدراسیۆن بێت، ئەمە رەتکراوە بۆ مسۆگەرکردنی بێلایەنی ئەندام و بڕیارەکانی و بەشداری لە سیستمی وەرزشیدا.

کێشەی عێراق چییە؟

- هەندێک لە ئەندامانی فیدراسیۆنی پێشوو و دەسەڵاتی گشتی جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پێشێلکارییە دەکەنەوە سەرەڕای نایاسایی بوونی بەپێی یاساکانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی.

ئایا سزای ئەم پێشێلکارییە چییە؟

- سزایەکی دارایی کە لە 10 هەزار فرەنکی سویسری کەمتر نابێت و بێبەشکردن لە هەموو چالاکییە وەرزشییەکان بەلای کەمەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ، لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەشدا سزاکە تاوەکو 5 ساڵ دەبێت.