ئەمڕۆی لالیگا.. تیپەکەی سیمیۆنی لەژێر گوشاردا یاریی لووتکە بەرامبەر سێڤییا دەکات

04-04-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئاتلێتیکۆ مەدرید سێڤییا
A+ A-

رووداو دیجیتال

لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 29ـی لالیگادا، ئەمڕۆ 4 یاری ئەنجام دەدرێن و سێڤییا و ئاتلێتیکۆ مەدرید یاریی لووتکەی ئەم گەڕە دەکەن.

دیپۆرتیڤۆ ئاڵاڤێش و سێلتا ڤیگۆ کاژێر 15:00 بە کاتی باشووری کوردستان یەکەم یاری ئەمڕۆی لالیگا دەکەن و یارییەکە لەسەر یاریگەی مینیزیرۆزا لە شاری ڤیتۆریا بەڕێوەدەچێت، کە سێلتا ڤیگۆی یانزدەمی ریزبەندیی خوازیارە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا ئەو دۆخە خراپەی ئاڵاڤێش بقۆزێتەوە، کە لە دوایین 6 یارییدا هیچ سەرکەوتنێکی بەدەستنەهێناوە، تەنانەت 5 یاری دۆڕاوە و تەنیا یەک یەکسانبوونی هەیە.

یاریی لووتکەی ئەم گەڕە لەسەر یاریگەی رامۆن سانچێز پیزخوان دەبێت لە نێوان سێڤییا و ئاتلێتیکۆ مەدرید.

یانەکەی مەدرید بە کۆکردنەوەی 66 خاڵ پێشەنگی ریزبەندیی گرتووە و یانەکەی ئەندەلۆسیش بە 55 خاڵ لە پلەی چوارەمدایە.

تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنی دوای دەرچوونی لە چامپیۆنزلیگ و لەدەستدانی کۆمەڵێک خاڵ لە لالیگادا، کە ئێستا بارسێلۆنا و ریال مەدرید زۆر لێی نزیکبوونەتەوە، لەژێر گوشارێکی زۆردا ئەم یارییە زەحمەتەی ئەنجام دەدات.

بەهەمانشێوە تیپەکەی جۆلین لۆپێتیگێش پێویستی بە کۆکردنەوەی خاڵی زیاترە بۆ ئەوەی بەلای کەمەوە پارێزگاری لە شوێنی خۆی لە ریزبەندیدا بکات لەپێناو بەدەستهێنانی بلیتێکی چامپیۆنزلیگ بۆ وەرزی داهاتوو.

هەردوو یانە پێشتر 153 جار رووبەڕووی یەکدی بونەتەوە و تیپەکەی پایتەخت باڵادەستتر بووە، کە 59 جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە بەرامبەر بە 43 سەرکەوتن بۆ سێڤییا، 51 یاری نێوانیشیان بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە، بەڵام ئاتلێتیکۆ مەدرید کە لە یاری قۆناخی یەکەمی ئەمساڵی لالیگادا 2 -1 لە سێڤییای بردووەتەوە، لە وەتەی مانگی یەکی 2018ـیە بە یانەکەی ئەندەلۆس نەدۆراوە.

یارییەکانی ئەمڕۆ:

دیپۆرتیڤۆ ئاڵاڤێش - سێلتا ڤیگۆ 15:00
ئیلچێ - ریال بێتیس 17:15
کادیز - ڤالێنسیا 19:30
سێڤییا - ئاتلێتیکۆ مەدرید 22:00

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە