ئەم ئێوارەیە دێربیی میلانۆ تووڕەیی لێ دەبارێت

04-04-2018
سه‌فین ته‌ها @safintaha
..
..
نیشانەکردن دێربیی میلانۆ
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەمڕۆ چوار یارییە دواخراوەکەی خولی سیڕیا ئەی ئەنجامدەدرێن و لە گرنگترینیان یاری، دێربی میلانۆی ناسراو بە دێربی تووڕەییە، کاتێک ئەی سی میلان لە یاریگەی سان سیرۆ رووبەڕووی یانەی ئینتەر میلانی هاوشاری و رکابەری دەبێتەوە.


ئەوەی ترسنۆکەکان تێکیان دا، جەنگاوەرێک خەریکی چاکردنەوەیەتی، ئەوەشی هیوای میلانییەکان بوو لەسەرەتای وەرزەوە بەم پێکهاتە پڕ لە کەموکوڕییەوە نایەتەدی، مەگەر نەڕەی گاتوزۆ  شتێکیان بۆ بکات.


ئەمشەو دێربی میلانۆیە، ئەو دێربییەی کە بە هۆی مردنی داڤیدی ئاستۆرییەوە دواخرا، دێربییەک وەکو ئەوانەی جاران تووڕە نییە، بەڵام بەشی خۆی پەنگخواردنەوە و ددان تیژکردنەوە لە یەکدی تێدایە.


ئەم دێربییە چەندە بۆ ئینتەرمیلان گرنگ بێت، بەڵام بۆ میلان سێ هێند گرنگترە، چونکە ئینتەر شەڕی مانەوە لە پلەی چوارەم و گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ دەکات، هەوڵی تۆڵەکردنەوەش لە میلان دەدات کە لە جامی ئیتالیا کردبوویە دەرەوە، بەلای میلانییەکانیشەوە، راگرتنی ئینتەر و بردنەوە لە رکابەرە تەقلیدییەکە و هەنگاونانێکی گرنگ بۆ نزیکبوونەوە لە پلیکانەکانی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ، جارێکی دیکە نەڕووخانەوەی یانەکە دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە ئاستێکی بەرز دەستیان پێکرد و تاوەکو دوا وێستگەی کە هەفتەی رابردوو بوو تووشی شکست نەهاتن، بۆیە میلان نایەوێ لە دوو یاری لەسەریەک و لە کلاسیکۆ و دێربیدا لە ماوەی کەمتر لە 4 رۆژدا دوو جار بدۆڕێت.

لە پێنچ دێربی رابردوودا میلان تەنیا یەک جار تووشی شکست هاتووە، دوو بردنەوە و دوو یەکسان بوونی هەیە، ئەو جارەشی شکستی خوارد لە سەرەتای ئەم وەرزەدا بوو بە سێ گۆڵی ئیکاردی.

ئینتەر خاوەن رێژەیەکی زۆرە لە گۆڵکردن لە رێگای تۆپە جێگیرەکانەوە کە لە دوایین 10 گۆڵکەدا 6 ـیان بە تۆپی جێگیر بووە و ئەم وەرزە 16 گۆڵیان بە تۆپی وەستاو تۆمارکردووە.

لە میلان بۆناڤێنتورا تاکە یاریزانە کە 4 گۆڵی لە ئینتەر کردبێت، کەچی بە تەنیا ئیکاردی لە دوو دێربی رابردوودا لە خولی ئیتالیا 4 گۆڵی لە میلان کردووە.

 

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە