رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتیکی رۆژنامەڤانی هۆکاری نەڕۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی لەگەڵ یانەکەی بۆ ئێران ئاشکرا دەکات و دەڵێت "پەیوەندی بە رووداوێکی بەر لە دوو ساڵەوە هەیە".
دوای ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی، لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی نەڕۆیشتە ئێران بۆ ئەنجامدانی یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا بەرامبەر یانەی ئیستقلال، پرسیارگەلێکی زۆر کرا سەبارەت بەهۆکاری نەڕۆیشتنی کریستیانۆ بۆ ئێران، سەرەڕای ئەوەی یارییەکی زۆر گرنگ بوو، لە گرنگترین پاڵەوانێتی ئاسیادا لەسەر ئاستی یانەکان، کە بەئەنجامی 0-0 کۆتاییهات.
هەندێک لە میدیاکان باسیان لەوە دەکرد کە راهێنەری نەسڕ پێیباشبووە پشوو بە رۆناڵدۆ بدات، چونکە سەرەڕای ئەوەی تەمەنی گەیشتووەتە 40 ساڵ زۆر یاری کردووە و ستیفانۆ پیۆلی نایەوێت سەرکێشی پێوە بکات. هەندێکی دیکەش گوتیان پێکانی هەیە، بەڵام ماڵپەڕی RMC SPORTS قسەیەکی دیکەی هەیە و دەڵێت "کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی رووداوێکی دووساڵ لەمەوبەر نەیتوانی لەگەڵ یانەی نەسڕ بچێتە ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی ئیستقلال".
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات "کریستیانۆ مانگی ئەیلوولی 2023، کە بۆ یارییەکەی نێوان نەسڕ و پێرسپۆلیس لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا سەردانی ئێرانی کردبوو، بەدەم داواکاریی خانمە نیگارکێشێکی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەناوی فاتیمە حەمامی رۆیشت، سەردانی کرد و خانمەکەی لەباوەش کرد و روومەتی ماچ کرد وەک سوپاسگوزارییەک بۆ ئەو تابلۆیانەی کە بە قاچەکانی بۆ رۆناڵدۆ دروستی کردبوون".
هەروەها نووسیویەتی "لەگەڵ ئەوەشدا، ئێران ئەم جۆرە خۆشەویستی دەربڕینە بەرامبەر بە خانمێک کە حەلالی خۆت نییە بە تاوان دەزانێت و سزاکەی زیندانیکردن و لێدانی 99 قامچییە".
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، بەرپرسانی یانەی نەسڕ نەیانویستووە ئەم دۆخە مشتومڕی زیاتری لێبکەوێتەوە و پێیان باشبووە کریستیانۆ رۆناڵدۆ گەشتەکەی نەکات و ئەستێرە پۆرتوگالییەکەش رازی بووە نەچێتە ئێران.
ئەوکات راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئێران باسیان لەوە دەکرد کە رۆناڵدۆ سزای 99 قامچی بەسەردا سەپێنراوە، و هەر کاتێک رۆناڵدۆ سەردانی تارانی پایتەخت بکاتەوە، سزایەکەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.
میدیای ئێران ئەوکات رایگەیاند "هەندێک لە پارێزەرانی ئێرانی سکاڵایان لەسەر رۆناڵدۆ تۆمارکردووە، چونکە رۆناڵدۆ فاتیمە حەمامیی خانمە نیگارکێشی لەباوەش گرتووە، کە خاوەن پێداویستی تایبەتە".
بەڵام رۆژی دواتر باڵویزخانەی ئێران لە مەدرید، بەیاننامەیەکی لە سۆشیال میدیا لەسەر ئەم هەواڵە بڵاوکردەوە و رایگەیاند "بە تووندی رەتیدەکەینەوە کە هیچ بڕیارێک بۆ سزادانی هیچ وەرزشوانێکی نێودەوڵەتی لە ئێران دەرچووبێت".
ئاماژەی بەوەشکرد "جێگەی نیگەرانییە کە ئەم هەواڵە بێ بنەمایە بڵاودەکرێتەوە".
هەروەها لە بەیاننامەکەی باڵیۆزخانەی ئێران لە مەدریددا هاتبوو "سەردانە مرۆیییەکەی رۆناڵدۆ لەگەڵ فاتیمە حەمامی، لەلایەن هەموو خەڵکی ئێران و بەرپرسانی وەرزشی ئێرانەوە ستایش و پێشوازی لێکرا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ