مارسێلۆ: نەمدەتوانی مێسی رابگرم

04-03-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مارسێلۆ لیونێل مێسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مارسێلۆ، یاریزانی بەرازیلی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا، باسی خۆشەویستیی خۆی بۆ ریال مەدرید دەکات و لەنێوان لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆشدا باشترینی مێژوو هەڵدەبژێرێت. دەشڵێت "لە سەردەمی گواردیۆلادا تۆپی پێ بۆ ئێمە زۆر سەخت بوو".
 
مارسێلۆ لەو هەڤپەیڤینەدا دووپاتیکردەوە کە ناتوانێت خۆشەویستیی خۆی بۆ ریال مەدرید بشارێتەوە و گوتی "هەتا دەمرم هاندەری ریال مەدریدم".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە لای ئەو کامیان باشترین یاریزانی مێژوون، لیۆنێل مێسی یان کریستیانۆ رۆناڵدۆ؟ ئەو گوتی "باشترین یاریزان لە مێژوودا؟ پێموانییە یەکێکیان بەتەنیا ئەوبێت، ئێمە بەختەوەرین کە لەهەمان سەردەمی کریستیانۆ و مێسی یاریمان کردووە، من حەزم لە بەراوردکردن نییە، بەڵام دەبێت بڵێین هەردووکیان باوەڕپێنەکراو بوون و منیش بەختم هەبووە کە بەشێک بووم لەم یارییە، کاتێک مێسی 2 گۆڵی تۆماردەکرد کریستیانۆ ناچاربوو 3 گۆڵ تۆماربکات، دواتر مێسی دەیویست 4 گۆڵ تۆماربکات".
 
ئەو زیاتر لەبارەی ئەو دوو ئەفسانەیە، گوتی "زۆر کەس دەیانەوێت بەراورد لەنێوان ئەو دووانەدا بکەن، بەڵام لەبیریان دەچێتەوە چێژ لە هەردووکیان وەربگرن".
 
مارسێلۆ باسی پەیوەندی خۆی لەگەڵ کریستیانۆ دەکات و دووپاتی دەکاتەوە کە پەیوەندی نێوان ئەو دووانە بە شەڕێک دەستیپێکردووە و دەڵێت "پەیوەندی نێوان من و کریستیانۆ بە شەڕێک لە یارییەکی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیل و پۆرتوگال دەستیپێکرد. من بەتووندی لێمدا، چونکە زۆر خێرا بوو، ئەویش ملی گرتم. منیش هەوڵمدا بەڵام ئەو باڵای زۆر بەرز بوو. پاشان هەواڵی ئەوەم پێگەیشت کە ریال مەدرید بڕیارە دوو مانگی دیکە گرێبەستی لەگەڵ بکات. بەخۆم گوت دەبێت مەدرید بەجێبهێڵم، بەڵام هەموو شتێک باش بوو".
 
ئەو باسی لیۆنێل مێسیش دەکات و نایشارێتەوە کە نەیتوانیوە ئەو رابگرێت و دەڵێت "رێزێکی زۆرم بۆ مێسی هەیە. ئەو باوەڕپێنەکراوە. تەنانەت نەمدەتوانی بیبینم، ئەوەندە خێرا بوو. هەوڵم دەدا لێی بدەم، فاوڵی لەدژی بکەم، بەڵام نەمدەتوانی ئەوەش بکەم، چونکە زۆر خێرا بوو".
 
یاریزانەکەی پێشووی یانەی ریال مەدرید، باسی پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانیش دەکات، ئەوکاتەی راهێنەری بارسێلۆنای رکابەریان بووە و دەڵێت "کاتی گواردیۆلا بۆ ئێمە زۆر سەخت بوو. ناچاربووین هەوڵ بدەین کۆنترۆلی تۆپەکە بکەین، بەڵام زۆر قورس بوو".
 
لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەدا، مارسێلۆ باسی دواخولەکەکانی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2014 لەنێوان ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات و دەڵێت "لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا هەندێکیانم لە شوێنی یەدەگی ئاتلێتیکۆ مەدرید بینی، سەری بتڵی بیرەیان کردبووەوە و درێسی پاڵەوانبوونیان لەبەرکردبوو بۆ ئەوەی ئاهەنگ بەبۆنەی بردنەوەی چامپیۆنزلیگ بگێڕن بەر لەوەی سێرخیۆ رامۆس گۆڵەکەی بکات".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە