ڤیدیۆ؛ لیڤەرکوزن بەکەس ناوەستێت

 
رووداو دیجیتاڵ

یاریگەی بە رەنگی سوور داپۆشیووە، بۆ ئەوەی تیپێک رابگرن، کە تاوەکو ئێستا تامی دۆڕانی نەکردووە، چابی ئەڵۆنسۆ ئەمجارە میوانی کۆلنە.
 
هەر زوو لیڤەرکوزن هەڕەشەکانی دەستپێکرد، جۆناس هۆفمان لێدانێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵکرد، تۆپەکەی بە دوورییەکی کەم لە گۆڵ چووە دەرەوە.
 
لە خولەکی 14 یان تیلمان لە کۆلن بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، ئەمە هەلێکی باشتری دایە لیڤەرکوزن.
 
لە خولەکی 38 جیرمی فریمپۆنگ دەرگای گۆڵکردنی بۆ تیپەکەی ئەڵۆنسۆ کردەوە، گۆڵی هەشتەمی خۆی لەم وەرزەی خولەکەدا تۆمارکرد.
 
کۆلن نزیکبوو ئەنجامەکە راستبکاتەوە، کاتێک سێرجیس ئادامیان هەوڵیدا گۆڵێکی جوان تۆماربکات، بەڵام ستوون رێگەی بە هەژاندنی تۆڕ نەدا.
 
لە خولەکی 73 ئەلیخاندرۆ گیرمالدۆ گۆڵی دووەمی لیڤەرکوزنی تۆمارکرد، ئەمە گۆڵی نۆیەمی بەرگریکارە ئیسپانییەکەیە لەم وەرزەدا.
 
لیڤەرکوزن یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە، تیپەکەی چابی ئەڵۆنسۆ 24ـەم یاریی بوندێسلیگای بەبێ دۆڕان بەڕێکرد، ئێستا بە جیاوازیی 10 خاڵ لە پێش بایرن میونشنە و نزیکە لە بردنەوەی نازناوی خولەکە.
 
بایرلیڤەرکوزن بە کاتێکی زێڕیندا تێدەپەڕێت، یانەکە لەم وەرزەدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 34 یارییکردووە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 99 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
جگە لەوەی ڤیکتۆر بۆنیفاس، هێرشبەری یانەکە لەم وەرزەی بوندێسلیگادا بە تۆمارکردنی 10 گۆڵ، گۆڵکاری یانەکەیە، هەریەکە لە ئەلیخاندرۆ گریمالدۆ و جیرمی فریمپۆنگ کە هەردووکیان بەرگریکارن، رۆڵێکی گەورەیان بینیووە لە بەدەستهێنانی ئەنجامەکانی یانەکەدا بینووە.
 
گریمالدۆ 11 گۆڵ و 11 ئاسیستی هەیە، فریمپۆنگ 10 گۆڵ و 10 ئاسیستی کردووە.