قسەی خیل مانزانۆ لەسەر رووداوەکانی یاریی ریال مەدرید و ڤالێنسیا

04-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ڤالێنسیا یانەی ڤالێنسیا خیل مانزانۆ لالیگا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خیل مانزانۆ، ناوبژیوانی یاریی نێوان هەردوو یانەی ڤالێنسیا و ریال مەدرید لەسەر بڕیاری کۆتاییهێنان بە یاریی هەردوو یانە کە کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە قسە دەکات.
 
لە یاریی نێوان هەردوو یانە لە گەڕی 27ـی لالیگادا، خیل مانزانۆ، ناوبژیوانی یارییەکە لە کاتی هێرشێکی ریال مەدریددا فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێدا، کە دوای ئەوە جود بێلینگهام گۆڵی سێیەمی ریال مەدریدی تۆمارکرد، بەڵام گۆڵەکە هەژمارنەکرا و یارییەکە بەیەکسانبوون بە دوو گۆڵ بۆ هەر لایەک کۆتاییهات.
 
ئەو بڕیارەی خیل مانزانۆ کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری مەدریدییەکانی لێکەوتەوە و کارلۆ ئەنچێلۆتی گوتی "پێشتر شتی لەمشێوەیەم نەبینیووە و ئەمە رووینەداوە."
 
دوای کاردانەوەکان و ناڕەزایەتییە زۆرەکان، ئیدۆ گارسیا، رۆژنامەڤانی رادیۆی ئوندا سێرۆی ئیسپانی دەڵێت "قسەم لەگەڵ خیل مانزانۆ کردووە، ئەوەی من تێیگەیشتم و دەیزانم ئەوەیە کە ئەو دەزانێت هەڵەی کردووە، بەڵام زۆر ئارام و لەسەرخۆیە."
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، بەهۆی ئەو بڕیارانەی لە یارییەکەدا دای، خیل مانزانۆ، ماوەیەک لە بەڕێوەبردنی یارییەکانی لالیگا دووردەخرێتەوە.
 
بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر هەژمارنەکردنی گۆڵەکەی، ناوبژیوان دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە کارتی سووری بەرووی جود بێلینگهامدا بەرزکردەوە، ریال مەدرید دەیەوێت تانە لە بڕیارەکە بدات.
 
رۆژی چوارشەممە لیژنەی تەمبێکاری لالیگا کۆدەبێتەوە و چاوەڕواندەکرێت چەند بڕیارێک لەبارەی رووداوەکانی یاریی ڤالێنسیا و ریال مەدرید بدرێن.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە