ئەمشەو چامپیۆنزلیگە.. رۆناڵدۆ و نەسڕ ئەرکیان قورسە

04-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ چامپیۆنزلیگی ئاسیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی چوونی قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا دەستپێدەکەن، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یانەی نەسڕ ئەمڕۆ لە ئیمارات دەبن و لە یارییەکی زەحمەتدا بەرامبەر یانەی عەین یاریی دەکەن.
 
یارییەکە کاژێر 19:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی هەزاع بن زاید، هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یانەی عەین بەسەرکردایەتیی هێرنان کریسپۆی ئەرجەنتینی ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات و لە شەش یاریی رابردوودا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
 
یانەی نەسڕ بە سەرکردایەتیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت لە رکابەریکردن بەردەوامبێت و بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێتەوە سعودیە، بۆ ئەوەی لە قۆناخی داهاتوو نزیکببێتەوە.
 
نەسڕ لە دوایین سێ یارییدا لە قۆناخەکانی کرانە دەرەوەدا بەرامبەر یانەکانی ئیمارات هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و دەیەوێت درێژە بەو مێژووە باشەی بدات، کە پێشتر هیچ یانەیەکی سعودی ئەمەی نەکردووە.
 
لە یارییەکەی ئەمشەوی نێوان هەردوو یانەدا، چاوەکان لەسەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ و کودجۆ لابا دەبن، کە هەردووکیان گۆڵکاری تیپەکەیانن، رۆناڵدۆ لە چامپیۆنزلیگدا 5 گۆڵی کردووە و لاباش خاوەنی 6 گۆڵە.


نەسڕ لە دوایین یارییدا لە خولی سعودی بە چوار گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات و کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی نەکرد، ئەمشەو یانە زەردپۆشەکە دەیەوێت قەرەبووی ئەو یەکسانبوونە بکاتەوە و بگەڕێتەوە سەر بردنەوەکان.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە