ڤیدیۆ؛ ئەلکاراز یارییەکی نمایشکاریی لە نادال بردەوە

04-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نادال و ئەلکاراز
نادال و ئەلکاراز
نیشانەکردن رافایێل نادال کارلۆس ئەلکاراز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆس ئەلکاراز، ئەستێرەی لاوی ئیسپانی سەرکەوتنیکی سەرنجڕاکێشی بەرامبەر رافایێل نادال، ئەفسانەی تێنسی وڵاتەکەی و جیهان بەدەستهێنا.
 
لە پاڵەوانێتیی تێنسی نێتفێلیکس کە پاڵەوانێتییەکی نمایشکارییە و تەنیا یەک یارییە، لە ویلایەتی نێڤادا لە لاس ڤێگاس بەڕێوەدەچێت، هەردوو تێنسزانە ئیسپانییەکە لە یارییەکی سەرنجڕاکێشدا کە نزیکەی 10 هەزار هاندەر تێیدا ئامادەبوون رووبەڕووی یەکبوونەوە.
 
هەردوو تێنسزانەکە لەلایەن لیژنەی رێکخەری پاڵەوانێتییەکە و هاندەرانەوە پێشوازییەکی گەورەیان لێکرا.
 
لە کۆمەڵەی یەکەمدا نادال ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش سێ لە بەرژەوەندیی خۆی تەواو کرد.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، ئەلکاراز باشتر لە کۆمەڵەی یەکەم یارییکرد و ئەنجامەکەی بە شەش چوار یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەیاندە کۆمەڵەی سێیەم.
 
لە کۆمەڵەی سێیەمدا، رکابەرییەکە ئاستێکی بەرزی بەخۆیەوە بینی و هەردوو تێنسزانەکە زۆرینەی کاتەکان لە یەکدییەوە نزیکبوون، بەڵام ئەلکاراز لە کۆتاییدا بە 14-12 یارییەکەی لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلاکردەوە و سەرکەوتنی بەرامبەر رافایێل نادالی هاونیشتمانی بەدەستهێنا.
 
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکەش خەڵاتی پاڵەوانێتییەکە درایە تێنسزانە لاوەکەی ئیسپانیا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە