رووداو دیجیتاڵ
ئەستێرەیەکی پێشووی فەرەنسا، هێرشدەکاتە سەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و یانەی نەسڕ، بەهۆی ئەوەی دۆن گوتبووی "خولی سعودی لە خولی فەرەنسا بەهێزترە."
فرانک لوبۆف، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی چێڵسی لەلێدوانێکدا کە لەلایەن رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە دەڵێت "نیگەرانبووم کاتێک گوێم لێبوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ گوتی خولی سعودی لە خولی فەرەنسی بەهێزترە."
ئەو یاریزانەی پێشووی فەرەنسا دەڵێت "بۆ ئاوا بیر دەکەیتەوە؟ بۆچی خولی فەرەنسیی هەڵبژارد و خولی پۆرتوگالی نەبوو؟ هۆکارەکەی ئەوەیە کە لیۆنێل مێسی لە فەرەنسا یارییکردووە."
لوبۆف زیاتر گوتی "رێزی زۆرم بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەکو یاریزان، بەڵام ناکرێت ئەم قسانە بکات و پێویستە بێدەنگبێت لە بەرامبەر ئەو نادادپەروەرییەی بەرامبەر خولی فەرەنسا دەکات."
لەبارەی هەلی پۆرتوگال بۆ بردنەوەی نازناوی یۆرۆی 2024، فرانک قسەیکردووە و دەڵێت "بەڕای من، ئەوان بەربژێرن بۆ بردنەوەی نازناوەکە، دەتوانن نازناوەکە ببەنەوە، بەو مەرجەی رۆناڵدۆ بەشداری نەکات."
یاریزانی پێشووی یانەی چێڵسی دەڵێت "ناکرێت مێژووی رۆناڵدۆ ئەوەی پێشکێشیکردووە لەبیربکەین، لەبەرئەوەی لە خولی سعودی واز لە یارییکردن دەهێنێت، سوپاسی دەکەم کە یارییەکەی بردە ئاستێکی دیکە، بەڵام کۆتایی بۆ هەموو کەسێک هەیە."
لە کۆتایی قسەکانیدا فرانک لوبۆف گوتی "کریستیانۆ مافی خۆیەتی لەوێ یاری بکات، هەرچەند پێموایە ئەو پێویستیی بە پارەیەکی زیاتر نییە."
فرانک لوبۆف، ئێستا تەمەنی 56 ساڵە، لە ساڵی 1995 تاوەکو 2002 یاریی بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا کردووە، لەسەر ئاستی یانەکان، یاریی بۆ یانەکانی لاڤال، ستراسبۆرگ، چێڵسی، مارسیلیا، سەد، وەکرە و هوڵیۆود یونایتدی ئەمریکی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ