لێدوانی فەرمی لالیگا لەبارەی چوونی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید

04-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خاڤێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا لەبارەی ئەگەری پەیوەندیکردنی کیلیان ئێمباپێ بە یانەی ریال مەدریدەوە قسە دەکات و دەڵێت "دەمانەوێت هالاندیش بگوازینەوە."
 
گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ، لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت، بە ئەگەری زۆرەوە یاریزانەکە لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا، پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدەوە دەکات، بەتایبەت کە یاریزانەکە بڕیارییداوە گرێبەستەکەی نوێنەکاتەوە و لە دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لە پاریس سانجێرمان بڕوات.
 
خاڤێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێت "هەمووان قسە لەبارەی هاتنی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید دەکەن و ئەگەرەکان زۆرن."
 
سەرۆکی دەستەی لالیگا گوتی "ئێمباپێ یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان، ئەمە بارودۆخەکەیە و ئەگەری هەیە بێت، ئەوە هاوکارێکی زۆرباش دەبێت، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆ، نێودەوڵەتی و لە رووی مافی گواستنەوەی بینراو، بیستراو و بازرگانی زیاتر بەرەوپێشەوە بچین."
 
خاڤێر تێباس، لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "بەخێرهاتنی ئێمباپێ دەکەم بۆ لالیگا، ئەو هاوکارییەکی زۆرمان دەکات بۆ گەشەکردنی زیاتر، لەگەڵ ئەمەدا ئێمە دەمانەوێت یاریزانی نایابی دیکەش بگوازینەوە، وەکو هالاند، راهێنەریشمان دەوێت کە وەکو ئەستێرە فەرەنسییەکە بەنێوبانگ بن."
 
ریال مەدرید لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەوڵی زۆریداوە بۆ گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ، هاندەرانی یانەکە چاوەڕێی پەیوەندیکردنی ئەستێرە فەرەنسییەکە دەکەن بە یانەکەوە.
 
بەهۆی ئەگەری نزیکبوونەوەی ئێمباپێ لە بەجێهێشتنی یانەی پاریس سانجێرمان، هاندەرانی یانە فەرەنسییەکە لە دژی یاریزانەکە وەستاونەتەوە و لە یارییەکانی یانەکەیاندا فیکەی ناڕەزایەتی لە دژی ئەستێرە فەرەنسییەکە لێدەدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە