دوا دەرفەت بە پارتی دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ

 

میکیل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی، ئەمڕۆ دوادەرفەت دەداتە تۆماس پارتیی یاریزانی، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە شایەنی ئەوەیە بۆ تیپی تۆپچییەکان یاری بکات.
 
ئەمڕۆ کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ئارسیناڵ لە گەڕی 27ـی پرێمەرلیگدا دەبێتە میوانی یانەی شێفیڵد یونایتد.
 
میکێل ئارتێتا، راهێنەری تۆپچییەکانی لەندەن دەیەوێت لەم یارییەدا دەرفەتێکی دیکە بە تۆماس پارتیی یاریزانی غانی بداتەوە، دوای چاکبوونەوەی لە پێکان، کە یاریزانەکە بڕیاریداوە جارێکی دیکە تواناکانی خۆی لەگەڵ گەنەرز بسەلمێنێت.
 
پارتی بەدرێژایی ئەم وەرزە بەهۆی پێکانەوە نەیتوانی جێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی ئارسیناڵدا جێگیر بکات، بەڵام بەم دواییە گەڕاوەتەوە و دەیەوێت بیسەلمێنێت کە شایەنی ئەوەیە یاریزانی سەرەکی یانەکە بێت.
 
ئارتێتا لە لێدوانێکدا، کە رۆژنامەی میترۆی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "بەدڵنیاییەوە بوونی ئەو لەنێو یاریگەدا بەسوودە، دەبێت کیمیای لەگەڵ یاریزانەکانی نێو یاریگە ببینم، هەروەها دەبێت ئەو سیفەت و ئەو شتانەی کە دەبێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین ببینین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی کە یاریزانەکانمان چۆن یاری دەکەن و ئایا خاڵە بەهێزەکانی یەکدییان باشتر دەکەن. پێموایە پارتی یاریزانێکی زۆر بەهێزە لە هێڵی ناوەڕاستدا".
 
ئارتێتا زیاتر گوتی "پێموایە لە هێڵی ناوەڕاست لە جامی قەڵخان پارتی و یاریزانەکان پێکەوە یارییان کردووە و دواتر تووشی پێکان بووە، ئەوەش پێماندەڵێت کە چەندە بیری تۆماسمان دەکرد".
 
راهێنەرە ئیسپانییەکەی یانەی ئارسیناڵ، لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە تۆماس پارتی، گوتی "راستە ئەو لەم وەرزەدا زۆر یاری نەکردووە، و ئەگەر بەدرێژایی وەرز یاری بکات باشترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێت لە سێ مانگی داهاتوودا کاریگەری گەورەی هەبێت.
 
ئارتێتا سەبارەت بە یانەکەیشی، ئاماژەی بەوەشکرد "لەوانەیە پێویست بێت هەموو یارییەک بیبەیتەوە. یاری زۆرە و هەموومان خشتەی شێتانەمان دەبێت و ئەگەری هەیە ئەم خولە جیاواز بێت".