رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی چاوەڕواننەکراودا، کە هاوشێوەی لە تۆپی پێدا کەمە، هاندەری یانەیەکی ئەڵمانی دەچێتە نێو یاریگە و رێنوێنی یاریزانەکانی یانەکەی دەکات، دوای ئەوەی تووشی دۆڕانێکی گەورە دەبن.
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی دارمشتاد و ئوگسبۆرگ لە خولی ئەڵمانیا، یانەی دارمشتاد تووشی دۆڕانێکی گەورە بوو و بە 6-0 دۆڕا، ئەمە هاندەرانی یانەکەی تووڕەکرد و کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، هاندەرێکی یانەی دارمشتاد چووە نێو یاریگە و بە تووڕەییەوە قسە بۆ راهێنەر و یاریزانانی یانەکەی دەکات.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، هاندەرەکە ئەندامێکی ئاڵتراسی یانەی دارمشتادە و دوای ئەو دۆڕانە گەورەیە ویستوویەتی داوای باشترکردنی دۆخەکە لە یاریزانەکان بکات و پاڵپشتیی خۆیان بۆ دووپاتبکاتەوە.
لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت کە هاندەرەکە قسەدەکات، راهێنەر و یاریزانانی دارمشتاد بەباشی گوێ بۆ رەخنەکانی دەگرن، دوای ئەوەش هاندەرەکە دەگەڕێتەوە نێو پەیژەکان و داوا لە هاندەرانی یانەکە دەکات چەپڵە بۆ یاریزانەکان لێبدەن و لە پاڵپشتیکردنی تیپەکە بەردەوامبن.
لە سەرەتای ئەم وەرزەدا بەهۆی خراپیی ئەنجامەکانی یانەکەیەوە، هاندەرێکی یانەی لیۆنی فەرەنسی چووە نێو یاریگە و بە تووڕەییەوە رەخنەی لە ئاست و ئەنجامەکانی یانەکە گرت، ئەمەش خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی نوێ لەنێو یاریگەکانی ئەوروپا.
یانەی دارمشتاد لە رکابەرییەکانی خولی ئەڵمانیا، دوای 24 یاری تەنیا 2 یاریی بردووەتەوە، ئێستا تیپەکە لە پلەی کۆتایی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ و مەترسیی دابەزینی لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ