ئاردا گولەر پێشکێشی یانەیەکی گەورە کراوە، بەڵام..

 
رووداو دیجیتاڵ

ماوەیەکی زۆرە باسی ئەگەری رۆیشتنی ئاردا گولەر، لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، میدیای ئیسپانیا و ئەوروپای بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و راپۆرتێکی رۆژنامەڤانیش زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات.
 
ئاردا گولەر، لە گواستنەوەی هاوینی رابردوودا لە یانەی فێنارباخچەی تورکییەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی ریال مەدرید کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا یاریزانەکە بەشێوەی سەرەکی لەنێو پێکهاتەی تیپەکەدا جێگەی خۆی نەکردووەتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتیی یاریزانەکە و هاندەرانی تۆپی پێی تورکیای لێکەوتووەتەوە، لەکاتیکدا ئەوان چاوەڕێی دەرکەوتنی لاوە تورکەکە دەکەن بەدرێسی ریال مەدریدەوە.
 
رۆژنامەی توتۆ سپۆرتی ئیتاڵی، لە پێشهاتێکی نوێدا دەڵێت "ئاردا گولەر، پێشکێشی یانەی ئەیسی میلان کراوە و یاریزانەکە سەرسامە بە رۆسۆنێری، بەڵام میلان نایەوێت یاریزانەکە بگوازێتەوە."
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئامادەنەبوونی میلان بۆ گواستنەوەی ئاردا گولەر بەشێوەی خواستن بەهۆی ئەوەوەیە کە یانەکە نایەوێت هەمان بارودۆخی کە لەگەڵ براهیم دیاز روویدا، لەگەڵ ئەو یاریزانەش رووبدات، تەنیا ئەوکاتە ئامادەدەبێت بیر لە گواستنەوەی یاریزانە تورکەکە بکاتەوە، ئەگەر بە مەرجی جیاواز رێککەوتن لەگەڵ ریال مەدرید بکات، نەک پێشینەی بڕیاردان لەبارەی داهاتووی یاریزانەکەوە بۆ ریال مەدرید بێت."
 
ئاردا گولەر، ئێستا تەمەنی 19 ساڵە، لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکانی ئەم وەرزەدا بەدرێسی ریال مەدریدەوە تەنیا 92 خولەک یارییکردووە  بەشداریی لە تەنیا 5 یارییدا کردووە، کە 3 یاریی لە لالیگا، یارییەک لە جامی شا و یارییەکیش لە جامی سوپەری ئیسپانیا بووە.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید پێشتر لەبارەی کەمی یارییکردن بە ئاردا گولەر گوتبووی "زۆر یارییکردن بە یاریزانەکە لەگەڵ بەرژەوەندی ریال مەدرید ناگونجێت، لەکاتێکدا تەمەنێکی بچووکی هەیە و پێویستە وردە وردە بچێتە پێشەوە."
 
ئاردا گولەر لە هاوینی رابردوودا دوای رکابەرییەکی زۆری بارسێلۆنا و ریال مەدرید، یانەی شاهانەی هەڵبژارد و پەیوەندیی بە سپی پۆشەکانەوە کرد، ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا نرخەکەی دەگاتە 15 ملیۆن یۆرۆ.