سێ هۆکار رێگرن لە بەشداریکردنی مێسی لە ئۆڵیمپیادی 2024ـی پاریس

رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، خەون بەوەوە دەبینێت سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بکات لە پێشبڕکێکانی تۆپی پێی یارییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس 2024، کە لە مانگەکانی تەممووز و ئابی داهاتوو لە پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت.
 
پێشبڕکێی تۆپی پێی پیاوان لە 24ـی تەممووزەوە دەستپێدەکات، کە دوو رۆژ پێش رێوڕەسمی کردنەوەی یارییەکانی ئۆڵیمپیادە و تاوەکو 10ـی ئاب بەردەوام دەبێت، کە یارییەکان لە چەند شارێک بەڕێوەدەچن، دیارترینیان پاریس و نانت و نیسن. 16 تیپ  بەشداری تێدا دەکەن، لەوانەش ئەرجەنتین.
 
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین شانبەشانی پاراگوای، نوێنەرایەتی کیشوەری ئەمریکای باشوور دەکات، هاوکات رکابەرە مێژووییەکەی، کە بەرازیلە و میدالیای زێڕی لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ 2020 بەدەستهێنا، بەشداری ناکات دوای ئەوەی لە پاڵاوتنەکان دوورخرایەوە.
 
مێسی بەشداری لە ئۆڵیمپیادی پاریسدا دەکات؟
 
لیۆنیل مێسی، کە لە یارییەکانی ئۆڵیمپیادی 2008 لە بەیجینی پایتەختی چین رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە بردنەوەی میدالیای زێڕ بۆ وڵاتەکەی، هیوا دەخوازێت لە پاریس دەستکەوتێکی نوێ بەدەستبهێنێت، بەڵام پێدەچێت بابەتەکە ئەوەندە ئاسان نەبێت، بەڵکو زۆر ئاڵۆزە.
 
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە مێسی لەو کاتەدا بە بوونی کۆمەڵێک ئەستێرەی ئەرجەنتینی، بە سەرۆکایەتی خاڤیێر ماسکیرانۆ میدالیای زێڕی بردەوە، کە ئێستا راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی تانگۆیە، و دەرگای تیپەکەی بۆ مێسی کردووەتەوە بۆ ئەوەی سەرکردایەتی یاریزانەکانی بکات لە پاریس 2024.
 
لەو بارەیەوە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، راپۆرتێکی ئامادەکردووە کە تێیدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە خواستی مێسی بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە ئۆڵیمپیاد بابەتێکی ئاسان نابێت بەهۆی سێ هۆکارەوە، دیارترینیان گوشارەکانی ئەپڵن، کە سپۆنسەری خولی تۆپی پێی ئەمریکایە.
 
سەرچاوەکە روونیشیکردەوە، خولی ئەمریکی بەگشتی و ئەپڵ بەتایبەتی گوشار دەخەنە سەر لیۆنێل مێسی بۆ ئەوەی هەموو سەرنجەکانی بخاتە سەر ژیانی وەرزشیی خۆی لەگەڵ ئینتەرمەیامی و بەشداری لە پێشبڕکێیەکانی جامی خولدا بکات کە لەهەمان ماوەی ئۆڵیمپیاددا بەڕێوەدەچێت. 
 
بەشداریکردنی مێسی لەگەڵ ئینتەرمەیامی پڕوپاگەندەیەکی گەورەیە بۆ خولی ئەمریکی و کۆمپانیا سپۆنسەرەکانی، لە کاتێکدا ئامادەنەبوونی مێسی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر رێژەی بینەر هەیە، کە ئەمە زۆر بە روونی لە کاتی پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە دوایین هەفتەی فیفادا دیاربوو، لەکاتێکدا یارییەکانی تیپەکەی لە ناوخۆدا بەردەوام بوو.
 
هۆکاری دووەم پەیوەندی بە پاڵەوانێتی جامی کۆپا ئەمریکای 2024ـەوە هەیە، کە لە مانگەکانی حوزەیران و تەمموزدا لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و مێسی دەیەوێت زیاتر سەرنجی لەسەر هەڵبژاردەی نیشتیمانیی ئەرجەنتین بێت لەو پاڵەوانێتییەدا، بەو هیوایەی نازناوەکە بپارێزێت و بۆ دووەمجار لەسەریەک بیباتەوە، دوای ئەوەی لە 2021 لە بەرازیل نازناوەکەی بەدەستهێنا.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە "مێسی زیاتر ئارەزووی لە بەشداریکردنە لە کۆپا ئەمەریکا نەک ئۆڵێمپیادی پاریس، هەرچەندە هەردوو پاڵەوانێتییەکە لە دوو بەرواری جیاوازدا لە هاوینی داهاتوودا دەکرێن".
 
هۆکاری سێیەم و کۆتا، کە لەوانەیە رێگری لە بەشداریکردنی مێسی لە ئۆڵیمپیاد بکات، خواستی بەهێزی خودی لیۆیە بۆ بەرگریکردن لە نازناوی جامی خولەکان لەگەڵ ئینتەرمەیامی، دوای ئەوەی هاوینی رابردوو، پاش چەند هەفتەیەک لە هاتنی بۆ تیپەکە بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەکەدا بەدەستیهێنا.