ڤیدیۆ؛ بۆکا جونیۆرز بە هاتریکی کاڤانی بردنەوەیەکی زەحمەتی تۆمارکرد

04-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئیدینسۆن کاڤانی
ئیدینسۆن کاڤانی
نیشانەکردن ئیدینسۆن کاڤانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئیدینسۆن کاڤانی، هێرشبەری بەنێوبانگی ئۆرۆگوایی سەرکردایەتیی یانەی بۆکا جونیۆرزی کرد و بە تۆمارکردنی هاتریک، یانەکەی کردە خاوەنی سێ خاڵ.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی هەشتەمی خولی ئەرجەنتین، یانەی بۆکا جونیۆرز لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی بێلگرانۆی کرد و یارییەکەی بە زەحمەت بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە و سێ خاڵی بەدەستهێنا.
 
دوای 20 خولەک یارییکردن لوکاس پاسێرینی، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی بێلگرانۆی میوان تۆمارکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە تەنیا ئەو گۆڵەی بەخۆیەوە بینی.
 
لە خولەکی 60 لێدانێکی سزا بۆ بۆکا جونیۆرز هەژمارکرا، ئیدینسۆن کاڤانی سەرکەوتووانە لێدانەکەی جێبەجێکرد و ئەنجامەکەی بۆ خاوەن یاریگە یەکسانکردەوە.
 
دوای ئەوە کاڤانی بەشێوەیەکی هونەری جوان گۆڵی دووەمی خۆی تۆمارکرد و بۆکا جونیۆرزی پێشخست، سەرەتا یاریدەدەری ناوبژیوان گۆڵەکەی بەبیانووی ئۆفسایدەوە رەتکردەوە، بەڵام سیستمی ڤار هاوکارییکرد لە هەژمارکردنی گۆڵە.
 
لە خولەکی 79 کاڤانی گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد و لە یارییەکەدا بووە خاوەنی هاتریک، ئەمە یەکەم یاریی ئەم وەرزەیە هێرشبەرە ئۆرۆگواییەکە گۆڵی تێدا تۆمار دەکات.
 
لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا ماتیاس مارین، گۆڵی دووەمی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد، بەڵام لە راستکردنەوەی ئەنجامەکە سەرکەوتوو نەبوون و بۆکا جونیۆرز یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە.
 
ئەمە سێیەم بردنەوەی بۆکا جونیۆرزە لەم وەرزەی خولی ئەرجەنتین و یانەکە لە پلەی پێنجەمی کۆمەڵەی دووەمی خولی ئەرجەنتین بووە خاوەنی 13 خاڵ، بێلگرانۆ لە پلەی یازدەیەمە بە کۆکردنەوەی 6 خاڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە