ئەمڕۆی پرێمەرلیگ.. ئارسیناڵ بەنیاز نییە سازش بکات

رووداو دیجیتاڵ

دوای تێپەڕاندنی یارییە دواخراوەکەی ئێڤیرتۆن بە سەرکەوتوویی و دوورکەوتنەوە بە جیاوازیی پێنج خاڵ لەگەڵ مانچێستەر سیتی، ئێستا میکێڵ ئارتێتا و یاریزانەکانی لەوانەیە ئارامترین رۆژەکانی خۆیان بەسەر ببەن لە رێگەی گەیشتنەوە بە نازناوی پرێمەرلیگ، کە ساڵانێکی زۆرە بەدەستیان نەهێناوە.
 
لەم گەڕەدا ئارسیناڵ، میوانداری بۆرنمۆس دەکات، یانەیەک کە لە ساڵانی نزیکی رابردوودا، ئارسیناڵ باش بووبێت یان خراپ، رووبەڕووی سەرئێشەی زۆر نەبووەتەوە لە بەرامبەریدا و دوا سەرکەوتنیشی بەسەر ئارسیناڵدا، ساڵی 2018 بوو.
 
میکێڵ ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ. لەو باریەوە دەڵێت "زۆر شت ماوە لە داهاتوودا ئەنجامی بدەین، پێموایە دەتوانین کاری باشتر بکەین لە چەندین رووەوە. تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی بەرچاوی یاریزانمان هەن کە توانای گەشەکردنی زیاتریان هەیە.. ئێمە زۆر شتمان هەیە کە چێژی لێوەردەگرین و پێمانوایە دەتوانین تێیدا باشتر بین و هەر ئەوەش ئامانجی ئێمەیە. دەبێ هەوڵبدەین بۆ بەدەستهێنانی نایاب بوون و کامڵبوون و بەکارهێنانی باشترین کەسەکانی یانەکەمان بۆ ئەوەی بگەینە ئەو ئاستەی خۆمان دەمانەوێت".
 
یارییەکەی ئەم گەڕە بۆ ئارسیناڵ، گەڕان دەبێت بەدوای دڵنیایی زیاتر لە دەرچوونی تیپەکە لەو ماوەی گومانەی چەند گەڕێک لەمەوپێش تێیکەوت، ئێستا ئیدی ئارسیناڵ پێویستی بەوە هەیە سەرکەوتنەکانی خۆی بەسەر ئەو تیپەدا دووبارە بکاتەوە و خۆیشی لە ئەگەری هەر سوپرایزێک بپارێزێت کە بۆی هەیە، بۆنمۆسی هەوڵدەر بۆ دەرچوون کە ناوچەی دابەزین، بۆی دروست بکات.
 
لەوانەیە لەم گەڕەدا، چێڵسی و گراهام پۆتەری راهێنەری، لە هەمووان زیاتر بە نادڵنیایی و گومانەوە بێنە رووبەڕووبوونەوەکەیان و میوانداری لیدز یونایتد بکەن کە یەکێکە لە هەوڵدەرەکان بۆ رزگاربوون لە ناوچەی دابەزین.
 
کەس لە دۆخی چێڵسی تێناگات، کەس ناتوانێ کۆدی ئەو نهێنییانە بکاتەوە کە چواردەوری تیپەکەیان داوە.. چێڵسی ئێستا لە خراپترین بارودۆخەکانی خۆیدایە و لە نێو ئەوانەدا کە بەگەورە دادەنرێن، لە هەمووان زیاتر مەترسی و دڵەڕاوکەی لەسەرە.. گراهام پۆتەر کە بەتۆمەتباری سەرەکی لە ئەنجامە خراپەکانی یانەکە دادەنرێت، تاوەکو ئێستا لە پۆستەکەیدا بەردەوامە، بەڵام هەمووان چاوەڕێن کارگێڕیی یانەکە هەنگاوە نەخوازراوەکە بنێت و راهێنەرەکەی لەسەر کارەکەی بەفەرمی دووربخاتەوە.
 
گراهام پۆتەر، راهێنەری یانەی چێڵسی، بەمشێوەیە باسی دۆخی یانەکەی دەکات و دەڵێت "نامەوێ بە شێوازێکی دیکە لە دۆخەکە بڕوانم، دەمەوێ هەموو فۆکەسمان لەسەر یاریی داهاتوومان بێت. ئێمە لەو دۆخە تێدەگەین کە تێیداین، پێویستمان بەوە هەیە ئەنجامەکانمان باش بکەین. ئەمە بەرپرسیارێتی منە و دەبێ ئەوە بکەم، دەزانم کە ئەنجامەکانمان لە ماوەی رابردوودا باشنەبوون و باشکردنی ئەنجامەکان، ئەو شتەیە کە من کاری بۆ دەکەم".
 
چێڵسی لەم گەڕەدا پێویستی بەخۆپاراستن لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هەفتەی سێیەمی ئەمساڵی خولەکە هەیە کاتێک بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە لیدز دۆڕا و ئەو ئەنجامە، بەشێکبوو لەو ئەنجامانەی وایانکرد، یانەکە دەست بۆ دوورخستنەوەی تۆماس توخێلی راهێنەری پێشووی یانەکە، لە پۆستەکەی ببات.
 
تۆتێنهام هۆتسپێر لای خۆیەوە، جەنگێکی دیکە لە پرێمەرلیگدا، بەبێ ئانتۆنیۆ کۆنتی راهێنەری ئەنجامدەدات.. تۆتێنهام کە لە جامی ئینگلتەرا لەسەردەستی شیفیڵد یونایتد کرایە دەرەوە، پێویستی بە بەدەستهێنانەوەی هاوسەنگی هەیە کاتێک ئەمڕۆ بەرامبەر ولڤێرهامتن یاریدەکات... پلەی چوارەمی تۆتێنهام لە ریزبەندی خولەکەدا لە ژێر مەترسیی و هەڕەشەی یانەکانی وەک نیوکاسڵ و لیڤەرپوولدایە و بەردەوامبوون لە ناسەقامگیری لە ئەنجامەکاندا، هۆتسپێر دەبەنە ریزی ئەو یانانەوە کە گومانی زۆر لەسەر تواناکانی وەرزی ئەمساڵیان هەیە.