رووداو دیجیتاڵ
خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا، جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر یانەی ریال مەدرید، پاشئەوەی ئەو یانەیە سکاڵای لەسەر ناوبژیوانانی یاریی نێوان خۆی و ئیسپانیۆل تۆمارکرد.
ریال مەدرید لە دوای شکست بەرامبەر ئیسپانیۆل لە هەفتەی 22ی لالیگا، ناڕەزایەتیی تووندی لە دژی ناوبژیوانی یارییەکە دەربڕی و دوێنێ شەویش، بەفەرمی سکاڵای لەسەر ناوبژیوانانی یارییەکە تۆمارکرد.
لە دوای سکاڵاکەی ریال مەدریدەوە، خاڤیێر تێباس جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر ئەو یانەیە و لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' لە پەیامێکدا دەڵێ، "بەهیچ شێوەیەک بەبڵاوکراوەکەی یانەی ریال مەدرید شۆک نەبووم، ئەوان هیچی نوێ و جیاوازیان لەوە نەگوتووە کە پێشتر کەناڵی یانەکە دەیگوت".
تێباس هەروەها دەڵێ، "ماوەیەکی زۆرە، زۆر کەس لە ئێمە داوای گۆڕانکاریی ریشەیی لە سیستمی ناوبژیوانییدا دەکەین، سیستمێکی نزیک لەوەی ئینگلتەرا و ئەڵمانیا، لەگەڵ رێکخستنی جیاواز، هەروەها روونیی زیاتر لە هەموو بڕیارەکانی پەیوەست بەپەیکەربەندیی ناوبژیوانیی لە ئیسپانیا. سەیرەکە لەوەدایە کە ئێمە گفتوگۆمان لەسەر ئەو گۆڕانکارییە کرد، تەنانەت لە کۆبوونەوەی رۆژی 19ی مانگی چواری ساڵی 2023 دەنگمان لەسەردا، بەڵام ریال مەدرید لە دژی گۆڕانکارییەکە بوون و هیچ جێگرەوەیەکیشیان نەبوو".
وەڵامەکەی تێباس هاوکاتە لەگەڵ لێدوانی سەرۆکی نوێی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، کە ئاشکرایکردبوو سەرۆکی ریال مەدرید داوای لێکردووە گۆڕانکاریی ریشەیی لە سیستمی ناوبژیوانیی لالیگا بکات.
تێباس لە وەڵامە تووندەکەیدا بۆ ریال مەدرید دەڵێ، "دەکرێ ئەوەی روودەدات پەیوەندی بەو پەیوەندییەوە هەبێت کە سەرۆکی ئەوکاتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، رۆبیالیس بوو و فلۆرێنتینۆش ئەندامی ئەنجوومەنی فیدراسیۆنەکە بوو؟ لەبیریشتان بێت کە دۆسێی نیگرێرا لە دادگابوو".
خاڤیێر تێباس، خۆی پێشتر ئاشکرایکردووە کە هەواداری یانەی ریال مەدریدە، بەڵام کێشە و گرفتی زۆری لەگەڵ پێرێزی سەرۆکی ئەو یانەیە هەیە و لە زۆر بابەتدا هاوڕانین، ئەو لە نووسینەکەیدا، ئاماژە بەسەرۆکی ریال مەدرید دەدات، وەک کەسێکی گەندەڵ و دەڵێ، "بۆ زانین کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە سیستمە گەندەڵەکانەوە هەبێت، زۆر کەم وانە بەردەستن بۆ فێربوون، من ئاماژە بۆ ریال مەدرید وەک دامەزراوەیەک ناکەم".
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، دوێنێ شەو بڕیاریدا هەریەکە لە مونیێز رۆیزی ناوبژیوانی سەرەکی و ئیگلێسیاس فیلانۆڤا، ناوبژیوانی ڤار لە کارکردن رابگرێت و لە بەڕێوەبردنی یاریی نێوان ئاتلێتیکۆ مەدرید و خیتافی، لە جامی شای ئیسپانیا، دووریان بخاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ