هۆکاری کێشەکانی بنزیما لەگەڵ ئیتیحاد ئاشکرابوو

رووداو دیجیتاڵ 

هێشتا ناڕوونی زاڵە بەسەر پەیوەندییەکانی کەریم بنزیمای ئەستێرەی فەرەنسی لەگەڵ یانەکەی، ئیتیحاد جددەی سعودی. میدیاکانی سعودیەش ئاماژە بۆ هۆکارەکانی ئەو کێشانەی کەریم لەگەڵ یانەکەی دەکەن.
 
بەمدواییە کەریم بنزیما خواستێکی زۆری هەبوو بۆ جێهێشتنی ریزەکانی یانەی ئیتیحاد، بەتایبەتی دوای دەرچوونی یانەکە لە جامی جیهانی یانەکانی 2023.
 
بنزیما بۆ ماوەیەک لە مەشقەکانی یانەکەی ئامادەنەبوو پێش ئەوەی بەمدواییە بگەڕێتەوە، لە کاتێکدا هەواڵی ئەوە هەبوو کە یاریزانەکە لەلایەن هەردوو گەورە یانەی لەندەن، چێڵسی و ئارسیناڵەوە دواکراوە.
 
میدیاکانی سعودی، باس لە سوپرایزێک سەبارەت بە هۆکاری راستەقینەی پشت پەیوەندی گرژی نێوان بنزیما و راهێنەری یانەکەی دەکەن.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، قەیرانی بنزیما لەگەڵ مارسێلۆ گایاردۆی راهێنەری ئەرجەنتینی تەکنیکییە و هیچ پەیوەندی بە دیسپلین و پابەندییەوە نییە، ئەمەش دەرگای رۆیشتن بۆ کەریم لە یانەکە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، یاریزانە فەرەنسییەکە یەکێک نییە لەو کەسایەتییانەی بەدوای کێشەدا دەگڕێن یان کەسێک نییە کە حەزی لە قەیرانەکان بێت، بەڵکو بەدەست نەبوونی گونجاندن و جیاوازی تێڕوانینی تەکنیکی لەگەڵ گایاردۆ دەناڵێنێت.
 
ئەمە یەکەمجار نییە بنزیما لەدوای چوونی بۆ ریزەکانی یانەی ئیتیحاد تووشی کێشە ببێت، چونکە ئەو بووە هۆی رۆیشتنی نونۆ سانتۆی راهێنەری پێشووی یانە سعودییەکە، بەگوێرەی زۆر لە راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان.
 
هاوینی رابردوو، یانەی ئیتیحاد گرێبەستێکی بۆ ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ بنزیما واژۆکرد، دوای گەشتێکی مێژوویی لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، کە ماوەی 14 ساڵی خایاند و هەموو نازناوەکانی لەگەڵیدا بەدەستهێنا.