ئێمباپێ بەڵێنەکەی نەبردەسەر

رووداو دیجیتاڵ

 

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی پاریس سانجێرمان، بەڵێنێکی بە ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریسی و دەستەی کارگێڕیی یانەکە دابوو، بەڵام وادیارە ئەو بەڵێنەی لەبیرکردووە، یان دەیەوێت لەبیر خۆی بباتەوە.
 
مشتومڕ لەبارەی داهاتووی کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان، لەم چەند کاژێرەی دواییدا زیادیکردووە، لەو ماوەیەدا هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئێمباپێ بڕیاری خۆی داوە و بەنیازە هاوینی داهاتوو لە رێگەی گرێبەستێکی بێبەرامبەرەوە روو لە ریال مەدرید بکات.
 
بەگوێرەی تۆڕی ریلیڤۆی ئیسپانی، پاریس سانجێرمان ئاگاداری ئەوەیە کە ئێمباپێ بڕیاری داوە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا خولی فەرەنسا جێبهێڵێت و پەیوەندی بە مێرێنگەوە بکات، بەڵام یانەکە هێشتا هیوایەکی کەمی ماوە، ئەگەرچی ئەو هیوایەش رۆژ بە رۆژ کەم دەبێتەوە.
 
ئێستا بەرپرسانی پاریس هەست بەوە دەکەن کە شەڕەکەیان دۆڕاندووە، و پێیانوایە ناتوانن ئەستێرە فەرەنسییەکەیان رازی بکەن گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
 
ئەو سەرچاوەیە تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ئێمباپێ تاوەکو ئێستا نە ناسر خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان و نە هیچ کەسێکی دەستەی کارگێڕیی لە بڕیاری کۆتایی خۆی ئاگادار نەکردووەتەوە، هەرچەندە پێشتر بەڵێنی داوە کە بەر لەوەی هەر بڕیارێک بدات سەرەتا خلێفی و کارگێڕیی یانەی پاریسی ئاگاداربکاتەوە، چ بە رۆیشتن یان بە مانەوە.
 
ماڵپەڕی ریلیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، تەنانەت یاریزانانی ژووری جلگۆڕینی پاریسیش تێبینی ئەوەیان کردووە کە شتێک سەبارەت بە ئێمباپێ روویداوە، ئەمەش هەمان ئەو هەستە بووە کە ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکەش هەستیان پێکردووە.
 
ماوەی گرێبەستی ئەستێرە فەرەنسییەکە لەگەڵ پاریس لە هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت، یاریزانەکەش لە ئێستاوە ئازادە و دەتوانێت گرێبەست لەگەڵ هەر یانەیەک بکات کە حەزی لێیە.