ڤیدیۆ؛ ئەمشەو دێربیی مەدریدە و ئاتلێتیکۆ دەیەوێت جارێکی دیکە لە ریال مەدرید بباتەوە

04-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دێربیی مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جارێکی دیکە دێربیی مەدرید، جارێکی دیکە ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید، چوارەم رووبەڕووبوونەوەی هەردوو یانە رکابەرەکە، ئەمجارە لە لالیگادا.

ریال مەدرید مانگی رابردووبوو کاتێک بە ئاتلێتیکۆ مەدرید دۆڕا و لە جامی شای ئیسپانیا کرایە دەرەوە، بەڵام بەرلەوەش جامی سوپەری لە رۆخی بلانکۆس بردبووەوە، ئێستا ئاتلێتیکۆ دوو بردنەوەی لەم وەرزەدا بەرامبەر یانەی شاهانە هەیە و چاوی لە سێیەمە، ریال مەدریدیش بۆ مانەوە لە پێشەنگ و هەنگاونانی زیاتر بەرەو نازناوەکە پێویستییەکی زیاتری بەبردنەوەیە.
 
بۆ ئەم یارییە گرنگە، ریال مەدرید بەهۆی پێکانەوە زەحمەتە ئانتۆنیۆ رۆدیگێر یاری بکات، ئورلیێن چوامینیش 5 کارتی زەردی وەرگرتووە و لە دێربیدا یاوەری ناوەڕاستکارەکانی لۆس بلانکۆس ناکات، بەڵام ریال مەدرید جگە لە بردنەوەی سێ خاڵ چاوی لە هیچ شتێکی دیکە نییە.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئەم وەرزە تیپێکی جیاواز و تەواو هێرشبەرانەی هەیە، لە دوایین شەش یاریی سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا هەموو یارییەکانی بردووەتەوە و بەرامبەر ریال مەدرید دەیەوێت درێژە بەو ئەنجامە باشانەی بدات.
 
لەم وەرزەی لالیگادا، تەنیا یەک یانە لە ریال مەدریدی بردووەتەوە، ئەویش ئاتلێتیکۆ مەدریدە، کاتێک لە گەڕی شەشەمدا لە یاریگەی خۆی سێ گۆڵی لە یانەی شاهانە کرد، بۆ قۆناخی دووەمیش رۆخی بلانکۆس دەیەوێت هەر خۆی تاکە یانە بێت لە تیپەکەی ئەنچێلۆتی بباتەوە.
 
یاریی ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید رکابەری دوو یانەی پایتەخت دەبێت، لە پێناو ئازار گەیاندن بە یانەیەکی کەتەلۆنی کە لەم وەرزەدا دەیەوێت بۆ رکابەریکردنی مەدریدییەکان شوێنی بارسێلۆنای هاوشاری بگرێتەوە کە جیرۆنایە، ریال مەدرید بەبردنەوە جیاوازییەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە دەکات 4 خاڵ و ئاتلێتیکۆ مەدریدیش بەبردنەوە 6 خاڵی دەمێنێت بۆ ئەوەی بگاتەوە بەو یانەیە.
 
یارییەکە کاژێر 23:00 بەڕێوەدەچێت و چاوەڕواندەکرێت، رکابەرییەکی بەهێزی هەردوو یانە هاوشارییەکە ببینرێت، بۆ بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە، ئاتلێتیکۆ مەدرید چاوی لە سێیەم بردنەوەیە بەرامبەر ریال مەدرید لەم وەرزەدا و یانەی شاهانەش دەیەوێت قەرەبووی کرانە دەرەوەی لە جامی شای ئیسپانیا لە رکابەرەکەی بکاتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە