ڤیدیۆ؛ هێرشبەرێکی کورد لە بوندێسلیگادا دەدرەوشێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هێرشبەرێکی کوردی باکووری کوردستان، لە خولی تۆپی پێی ئەڵمانیادا دەدرەوشێتەوە و بەردەوامە لە سەرکردایەتیکردنی یانەکەی بۆ بردنەوەی یارییەکان.
 
دێنیز ئونداڤ، ئەو هێرشبەرە کوردەیە کە بە رەچەڵەک خەڵکی روهای باکووری کوردستانە و لە یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی یاریی دەکات.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 20ـی خولی ئەڵمانیا، یانەکەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی فرایبۆرگ یارییکرد و بە سەرکردایەتیی ئونداڤ بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەیان بردەوە.
 
دوای تەنیا سێ خولەک یارییکردن، دێنیز ئونداڤ بەلێدانێکی بەهێز بێدەنگیی شکاند و گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەکەی تۆمارکرد، دوای چوار خولەک بە ئاسیستی ئونداڤ، کریس ڤێهرێش شتوتگارتی کردە خاوەنی گۆڵی دووەم.
 
لە خولەکی 45 لوکاس کوبلەر ئەنجامەی بۆ خاوەن یاریگە کەمکردەوە، کاتێک گۆڵی یەکەمی فرایبۆرگی تۆمارکرد.
 
زۆری نەبرد ماکسیمیلیان میتێلشتاد گۆڵی سێیەمی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد، شتوتگارت یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و سەرکەوتنێکی دیکەی بەدەستهێنا.
 
بەبردنەوەی ئەم یارییە، یانەی شتوتگارت خاوەنی 40 خاڵە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
دێنیز ئونداڤ، هێرشبەری کوردی یانەی شتوتگارت، لەم وەرزەدا 13 گۆڵی تۆمارکردووە و سێیەم گۆڵکاری خولی ئەڵمانیایە، ئەو پێشتر یارییکردنی بۆ هەڵبژاردەی تورکیا رەتکردووەتەوە و چاوی لەوەیە بۆ یۆرۆی 2024 بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بکرێت.
 
میدیای ئەڵمانی دەڵێت "ئێستا هیچ هێرشبەرێک بۆ پێکهاتەی یولیان نایگلێسمان لە ئونداڤ باشتر نییە، بۆ ئەوەی لە یۆرۆی 2024 سەرکردایەتیی هێڵی پێشەوەی یانەکە بکات."
 
لە نێو هێرشبەرە ئەڵمانییەکاندا، لەم وەرزەدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، هیچ یاریزانێک هێندەی ئونداڤ گۆڵی تۆمارنەکردووە، ئەمەش هەلێکی زیاتر دەداتە ئەو یاریزانە بۆ ئەوەی بۆ یۆرۆی 2024 بانگهێشتبکرێت.