ئارسیناڵ بەرەو بەدیهێنانی خەونە 20 ساڵییەکەی

04-02-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئارسیناڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوای بیست ساڵ لە چاوەڕوانی، لە هەوڵدان و لە کۆتاییدا شکست.. لە هەڵچنینی ئومێد و لە کۆتاییدا لەدەستدانی.. ئێستا خەریکە لە باکووری لەندەن خەونێک کە دوو دەیەیە هەمووان چاوەڕێی دەکەن، دەبێتە راستی.. ئەو خەونە پەیوەستە بە ئارسیناڵەوە، بە تۆپچییەکان.
 
بیست ساڵی رابردوو بۆ ئارسیناڵ، ساڵانی نەهاتی و کەوتن و شکست و دۆڕاندن بوون.. یانەکە گەرچی خۆی بەپێوە گرت و گێژاوی زۆری تێپەڕاند و مایەوە، بەڵام بێبەشبوون لە نازناوی پرێمەرلیگ وایکرد، هەمووان لە ناخی خۆیاندا هەست بەکەموکورتییەک بکەن، هەمووان هەست بکەن کە لە کاتێکدا یانەکانی دیکە بەرەوپێشدەچن، یانەکەی ئەوان سەرقاڵی پاشەکشەکردنە.
 
دوای ئەو ساڵانە لە مانەوە لە نێوەندی ریزبەندی گشتیی پرێمەرلیگدا، ئێستا خەریکە میکێڵ ئارتێتا جڵەوەکە لەدەستدەگرێت و کۆنترۆڵی خولەکە دەخاتەوە ژێر دەستی خۆی.. ئێستا ئیدی ئارسیناڵ کاتێک تەماشای دۆخی خۆی دەکات، خۆی لە پێشەنگدا دەبینێتەوە، بەڵام پێشەنگێکی کاتی نا و دروستکراوی رێکەوت نا، بەڵکو پێشەنگێک کە ئارتێتا و یاریزانەکانی هەوڵی زۆریان لەپێناویدا خەرجکردووە.
 
ئارسیناڵ بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆی بەرامبەر ئیڤەرتۆن، پێنج خاڵ لە پێش نزیکترین رکابەریەوەیەتی کە مانچێستەر سیتییە. لە کاتێکدا یارییەکی لەو یانەیە کەمتر ئەنجامداوە.. ئارسیناڵ ئێستا لە تەماشاچییەکی بردنەوەی ئەوانیدیکەوە، ئێستا وایکردووە هەمووان هەفتە لە دوای هەفتە تەماشای بکەن و لێی بڕوانن و بەدوای ئەوەدا بگەڕێن، ئەمجارە و ئەم یارییە، ئەنجامی یانەکە چۆن دەبێت.
 
ئارسیناڵ هەنگاوی زۆری بەئاراستەی بەدەستهێنانی نازناوی ئەمساڵی پرێمەرلیگدا بڕیووە، بەڵام هێشتا زۆریشی ماوە.. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئارسیناڵ بەڕێکەوت یارییەکانی ناباتەوە و وێستگە هەفتانەکانی خۆی لە خولە پڕ لە رکابەرییەکەدا، تێدەپەڕێنێت و چارەسەری بۆ زۆر دۆخی جیاواز هەیە.
 
ئارسیناڵ ساڵانێکی زۆر لە دوای گەورەکانی خولەکەوە مایەوە، ساڵانێکی زۆرە هەر لە نێوان پلە جیاوازەکانی پاش براوەکانی نازناوەکەوە هاتووچۆ دەکات، تەنانەت ئارسیناڵ ناونرا، ئەو یانەیەی پلە چواری ریزبەندی خولی لەسەر خۆی تۆکردووە، ئێستا خەریکە ئەو تاپۆیە دەداتەوە بەوانیدیکە و دەڵێ وەرن نازناوێکی خولەکەم بەناوەوە بکەن.
 
ئەوەی وایکردووە دوای بیست ساڵ ئارسیناڵ ئێستا لە هەموو کات زیاتر خۆی لە نازناوی پرێمەرلیگ نزیکتر ببینێتەوە، ئارامگرتنی کارگێڕیی یانەکە بوو لەسەر ئارتێتا کە لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوودا، دەنگۆکانی دوورخستنەوەی گەرمبوون.. ئارتێتا لەبەردەم گوشارەکاندا ئارامی گرت و ئێستا هەموو هەفتەیەک بەجۆشوخرۆش و هاندانی زۆرەوە، یاریزانە گەنجەکانی بە ئاراستەی بردنەوەیەکی دیکە پاڵ دەنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە