ڤیدیۆ؛ پەیامی رۆناڵدۆ دوای تۆمارکردنی یەکەم گۆڵی بۆ نەسڕ

 
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکەم گۆڵی لە خولی سعودیەدا تۆمارکرد و پەیامێکی دوای تۆمارکردنی ئەو گۆڵە بڵاوکردەوە.
 
لە یارییەکانی گەڕی 15ـی خولی سعودیەدا، یانەی نەسڕ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی فەتح یارییکرد و هەردوو یانە لە یارییەکەدا بە دوو گۆڵ بۆ هەر لایەک یەکسانبوون و کریستیانۆ رۆناڵدۆش دوای ئەنجامدانی سێ یاریی بەدرێسی نەسڕەوە کە دووانیان لە خولی سعودیەدا بووە، یەکەم گۆڵی خۆی تۆمارکرد.
 
گۆڵەکەی رۆناڵدۆ لە یارییەکەدا بەلێدانی سزابوو و لە خولەکی 93 تۆمارکرا، بەو شێوەیە دۆن یەکەم گۆڵی خۆی بەدرێسی یانەی نەسڕەوە تۆمارکرد و رێگەی نەدا تیپەکەی لە یارییەکەدا سێ خاڵ لەدەستبدات.
 
دوای تۆمارکردنی ئەو گۆڵە و بەدەستهێنانی خاڵێک لە یارییەکەدا، رۆناڵدۆ لە پەیامێکدا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی گوتی " دڵخۆشم بە تۆمارکردنی یەکەم گۆڵ لە خولی سعودیەدا، هەوڵە گەورەکەی هەمو تیپەکە بەشێوەیەکی گشتی، بۆ بەدەستهێنانی ئەم یەکسانبوونە گرنگە لە یارییەکی زۆر قورسدا."
 
رۆناڵدۆ لە دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتد، پەیوەندیی بە یانەی نەسڕەوە کرد، بەڵام هاندەرانی یانەکە زۆر چاوەڕێیانکرد تاوەکو یەکەم گۆڵی بەدرێسی یانەکەوە تۆمارکرد.
 
بەیەکسانبوونەکەی لەگەڵ یانەی فەتح بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک، نەسڕ ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 34 خاڵ و بەمەش بووە پاڵەوانی وەرزی زستانەی خولی سعودیە.