نادال بەرگری لە مێسی دەکات

رووداو دیجیتال

رافایێل نادال، تێنسزانی ئیسپانی و دووەمی ریزبەندیی جیهان، سەرسوڕمانی خۆی لەو مشتومڕە نیشاندا، کە لەم رۆژانەدا لەسەر مووچەی لیۆنێل مێسی ئەفسانەی یانەی بارسێلۆنا دروستبووە.

نادال، لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا، لە ئوسترالیا، کە لەوێ خۆی ئامادەدەکات بۆ بەشداریکردن لە هەردوو پاڵەوانێتی ATP و کراوەی ئوسترالیادا، گوتی "تێناگەم بۆچی مشتومڕ لەسەر مێسی دروست دەبێت".

رافایێل نادال، هەروەها گوتی "لیۆ یەکێکە لە باشترین یاریزانانی مێژوو، ئەو پارەیە وەردەگرێت کە یانەکە رەزامەندی نیشانداوە پێیبدات"، هەروەها دەشڵێت "یانەکە دەبێت خۆی مەمەڵە لەگەڵ دۆخی دارایی خۆی بکات، بەپێی بینینی بۆ داهاتوو چ لەگەڵ مێسی بێت یان کەسانی دیکە".

نادال، کە هەوادارێکی سەرسەختی یانەی ریال مەدریدە، باسی رەوشی ئێستای یانەی شاهانەشی کرد و گوتی "تیپەکە بە ماوەیەکی ئاسایی و لۆژیکیدا تێپەڕدەبێت، دوای ئەوەی چەند مانگێکی سەختی بەڕێکرد، پلاندانان بۆ هەر شتێک دژوارتر بووە هەم لەسەر ئاستی وەرزش و هەم لەسەر ئاستی یانەکە بەگشتی".

لەبارەی ئامانجەکانی لە ساڵی نوێدا، سەبارەت بە گراندسلام، تێنسزانی ئیسپانی روونیکردەوە "ئامانجی گەورەم پاڵەوانێتی ئوسترالیایە، ئەگەر شتەکان باشیش نەڕۆن، وەرزەکە هەر بەردەوام دەبێت، کە لە راستیدا من هەرگیز خولیای پاڵەوانێتییەکانی گراندسلام نیم، ئەوە راستییەکەیە".