تایبەت بە رووداو.. لەسەر دەرکردنی عەلی عەدنان بوو بە شەڕ
دوای ئەوەی شەوی رابردوو یانەی ئاتالانتای ئیتالی بڕیاری دوورخستنەوە و دەستبەرداربوونی لە عەلی عەدنانی یاریزانی عێراقی راگەیاند، تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکات و دەرکەوتووە کە لەسەر یاریزانەکە کێشە دروست بووە.
جیان پیێرۆ گاسپەرینی، راهێنەری ئاتالانتا بڕیاریداوە عەلی عەدنان لە یانەی ئاتالانتا دەربکرێت، هۆکارەکەش تایبەتە بە خۆی، بەڵام بە پێی ئەو بەدواداچوونانەی کە تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەو بابەتەی کردووە، دەرکەوتووە کە هۆکاری دوورخستنەوەی عەلی عەدنان لە یانەی ئاتالانتا بۆ درەنگ گەڕانەوەی یاریزانەکە دەگەڕێتەوە بۆ یانەکەی، ئەمەش دوای ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداری لە جامی ئاسیای 2019 کرد.
رووداو پەیوەندی بە چەند کەسێکی نزیک لە یاریزانەکەوە کرد و ئەوەیان ئاشکراکرد کە عەلی عەدنان کە گەڕاوەتەوە بۆ یانەکەی هیچ کێشەی نەبووە، بەڵام راهێنەر بیانووی پێگرتووە، ئەوان دەڵێن تەنانەت لە پێش یارییەکەی یوڤێنتوس بڕیار بوو ناوی عەلی لە پێکهاتەکەدا هەبێت، بەڵام پێش یارییەکە دەرهێندرا و راهێنەری پێی وابووە کە یاریزانەکە درەنگ گەڕاوەتەوە.
ئەو کەسەی کە هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە دەڵێت " لە تۆپی پێدا ئەو کارانەی ئەگەر راستیشبن بە سزای دارایی چارەسەردەکرێت نەک لە کاتێکیدا کە بازاڕی گواستنەوە داخراوە یاریزانەکە تووشی شتێکی وابکەیت کە نەتوانێت بچێتە هیچ یانەیەکی ئەوروپا".
لە دوای ئەو رووداوە، بەڕێوبەری کارەکانی عەلی عەدنان لەگەڵ کارگێڕی یانەی ئاتالانتا تووشی دەمەبۆڵەبووە و بەفەرمی ئەو یانەیەیان بایکۆتکردووە.
ئێستا عەلی عەدنان لە دۆخێکی دەروونی زۆر خراپدایە و نازانێ پەنا بۆ کوێ ببات، نە دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ ئۆدینێزی کە خۆی لە بنەڕەتدا یاریزانی ئەوانە، نە دەتوانێ یاری بۆ هیچ یانەیەکی ئەوروپا بکات، تەنیا بژاردەی بەردەستی ئەو بریتییە لەوەی کە دەبێت بچێتە خولەکانی رۆژهەڵاتی ئاسیا یان ئەمریکا.
عەلی لەم وەرزەی خولی ئیتالیدا تەنیا بەشداری لە سێ یاریدا کردووە کە دووانیان بە شێوەی سەرەکی بوون.