ئەمشەو چوارگۆشەی زێڕینی جامی نەتەوەکانی ئەفریقیا دەستپێدەکات


هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار مەشقەکانی لەیاریگەی باتا ئەنجامدا بەر لەیاری قۆناخی پێشکۆتایی بەرامبەر هەڵبژارەی کۆنگۆی دیموکرات لەجامی نەتەوەکانی ئەفریکادا.

هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار سەرەڕای هەبوونی چەندین یاریزانی ئاست بەرز لە پێکهاتەکەیدا بەڵام لە 10 ساڵی رابردوودا نەیتوانیوە ببێتە پاڵەوانی ئەفریکا، بەڵام ئەمجارە لەژێر سەرپەرشتی هێرڤێ رێنارد دەیەوێت دەستی بە نازناوەکە بگات.

دوا نازناوی فیلەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1992 و دواتر لەساڵی 1994 پلەی سێیەمیان بەدەستهێنا، دوای ئەو ماوەیە کۆتدیڤوار ماوەیەک لە سپۆتڵایتەکان دوورکەوتەوە تا ساڵی 2006 ، کاتێک گەیشتە یاری فیناڵ و بەهەڵبژاردەی میسڕ دۆڕا.

پێشتر رێنارد راهێنەری هەڵبژاردەی زامبیا بوو کاتێک بوونە پاڵەوانی ئەفریکا و ئەمجارە رێنارد دەیەوێت هەمان سیناریۆ لەگەڵ فیلەکان دووبارە بکاتەوە.

هەرچەندە لەسەرەتای ئەم پاڵەوانیەتیەدا، کۆتدیڤوار ئاستێکی مام ناوەندی پێشکەش دەکرد بەڵام دوای بردنەوەیان بەئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لەهەڵبژاردەی جەزاییر لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا، چانسەکانی بردنەوەی نازناوەکە زیادیکرد.

لەبەرامبەردا هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات یەکێکە لەهەڵبژاردە لاوەکانی ئەم پاڵەوانیەتیە و فلۆرێنت ئێبنگێی راهێنەر دەیەوێت بۆ یەکەمجار نازناوی ئەفریکا بۆ کۆنگۆلییەکان بەدەستبهێنێت. 

کۆنگۆ لەکۆمەڵەیەکی بەهێزدا و لەکۆتایید اتوانی بەسەر هەڵبژاردەکانی زامبیا و تونس سەربکەوێت و لەقۆناخی چارەکی کۆتاییشدا بەئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ هەڵبژاردەی کۆماری کۆنگۆی بردەوە.

لەپێنج یاری رابردوودا تەنیا یەکجار بەهەڵبژاردەی کۆتدیڤوار دۆڕاوە کە ئەمەش پاڵنەرێکی باشە بۆ ئەو هەڵبژاردەیە بەر لەڕووبەڕووبوونەوەی فیلەکان.