عەبدولسەمەد جەوهەر: یانەی پێشمەرگەی هەولێر ستەمیان لێكردم

04-02-2014
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن عەبدولسەمەد جەوهەر
A+ A-


رووداوی وەرزشی - هەولێر
ئەرسەلان عەبدوڵڵا

دوای دوورخستنەوەی لە ئەركی راهێنانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە تۆپی پێ، راهێنەر عەبدولسەمەد جەوهەر رایگەیاند یانەی پێشمەرگە ستەمیان لێكردووە، بەهۆی ئەوەی هەفتەی پێشووتر دەستیلەكاركێشاوەتەوە، بەڵام لێیان قبوڵ نەكردووە.

دوای زنجیرەیەك ئەنجامی خراپ، كە لە 7 یاریدا یەك خاڵیان بەدەستهێنا، یانەی پێشمەرگەی هەولێر بڕیاریدا راهێنەری تیپەكەی عەبدولسەمەد جەوهەر و ستافی مەشقی تیپەكەی دووربخاتەوە.

نیهاد عادل جێگری سەرۆكی یانەی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند كە لەگەڵ ستافی مەشقی تیپەكە كۆبوونەوە و رێككەوتن كە لە ناكرێت بەو ئەنجامانەوە لەگەڵ ئەو ستافەدا بەردەوامبن.

لە لای خۆیەوە عەبدولسەمەد جەوهەر راهێنەری تیپەكە بە (رووداوی وەرزشی) راگەیاند: "من پێش یارییەكەمان بەرامبەر یانەی هەولێر، كە هەفتەی رابردوو بوو، دەستلەكاركێشانەوەی خۆم پێشكەش بە یانەكە كرد، بەڵام ئەوان قبوڵیان نەكرد و رایانگەیاند خراپیی ئەنجامەكان تەنیا تۆ لێی بەرپرس نیت، بەڵكو خراپیی یاریگەی یانەكە و پێكانی كۆمەڵێك یاریزان هۆكاری ئەنجامە خراپەكانن.

هەروەها گوتی: بەڵێنیان پێدام پاڵپشتیم بكەن لە گەڕاندنەوەی تیپەكە بەرەو سەركەوتنەكان، چونكە ئێمە لە سەرەتای خولی كوردستان ئەنجامەكانمان باش بوو، بەڵام دوای 6 یاری، زیاتر لە 5 یاریزانمان دووچاری پێكان بوون، ئەمە كاریگەریی زۆری لەسەر تیپەكەمان دروستكرد.
عەبدولسەمەد جەوهەر دەڵێت: ئەو بڕیارەی دراوە، لەلایەن دەسەڵاتێكی باڵاتری سەرووی دەستەی كارگێڕیی یانەكەیە، ئەگینا دەستەی كارگێڕی ئەو بڕیارەی نەداوە.
هەروەها گوتی: ئێمە تیپێكی باشمان هەبوو، بەڵام بەخت یاوەرمان نەبوو، لە زۆربەی یارییەكاندا زۆرباش یاریمان دەكرد، بەڵام گۆڵمان لەدەست دەدا و چانسمان نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا خەریكبوو یاریزانە پێكراوەكان دەگەڕانەوە و یارییەكەمان لە جامی كوردستانیش بەرامبەر بروسك هەلێكی باش دەبوو تا بتوانین بگەڕێینەوە سەر رێچكەی ئەنجامە باشەكان و راستكردنەوەی بارودۆخی تیپەكە، بەڵام بڕیاری دەستبەرداربوون لە ئێمە بێهیوای كردین و ستەمێكیش بوو لە من كرا.

لە پرسیاری ئەوەشی بۆچی لە كاتی گواستنەوەی یاریزانان لە ناوەڕاستی خولی كوردستان هەوڵی هێنانی یاریزانی باشترتان نەدا، جەوهەر گوتی: "ماوەی گواستنەوەكە تەنیا یەك هەفتە بوو، ماوەیەكی زۆر كورت بوو، هەوڵیشمان دا دوو یاریزان بهێنێنە یانەكەمان، بەڵام هەوڵەكانمان سەرینەگرت، چونكە ماوەكە كورت بوو.

عەبدولسەمەد جەوهەر پێی وایە بەگەڕانەوەی یاریزانە پێكراوەكان، هەركەسێك راهێنەر بێت دەتوانێت تیپی پێشمەرگە بگەڕێنێتەوە سەركەوتنەكان، چونكە تیپێكی بەهێز و تۆكمەیە.

راهێنەرە دوورخراوەكەی پێشمەرگەی هەولێر ئاشكرای كرد: "من هیچ كێشەیەكم لەگەڵ سەرۆك و ئیدارەی یانەكە نەبوو، زۆریش لێیان رازیبووم، زۆریش هاوكارییان كردووم، پلانیشمان ئەوەبوو بەیەكەوە كاربكەین بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی تیپەكە، بەڵام ئەو بڕیارە لەناكاوەی دوورخستنەوەمان زۆر ناخۆش بوو.

هەروەها ئاشكرای دەكات "لە سەرەتای وەرگرتنی مەشقی تیپەكە رامگەیاند ناتوانم بەڵێن بدەم نازناوی خولی كوردستان بەدەستبهێنم، ئیدارەی یانەكەش داوای بردنەوەی نازناویان نەكرد، بەڵكو داوای پێكهێنانی تیپێكی بەهێزیان كرد بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا ركابەری لەسەر نازناوەكە بكەین، ئێستاش تیپەكە زۆر بەهێزە ئەگەر یاریزانە پێكراوەكان بگەڕێنەوە.

عەبدولسەمەد جەوهەر لە سەرەتای ئەم وەرزەی كوردستان بە گرێبەستێكی گەورە و بە بڕی 30 ملیۆن دینار گرێبەستی لەگەڵ پێشمەرگەی هەولێر واژووكرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە