دوورخستنەوەی راشفۆرد بەردەوامە
رووداو دیجیتاڵ
رۆبین ئامۆریم، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی ئاشکرایکرد، مارکۆس راشفۆرد، هێرشبەری یانەکە، بەشداریی یاریی داهاتووی تیپەکەی ناکات.
سبەی یەکشەممە، مانچێستەر یونایتد لە نێو ئانفێڵد رووبەڕووی یانەی لیڤەرپوولی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە دەبێتەوە.
پێشتر راشفۆردی تەمەن 27 ساڵ، لە پێکهاتەی یانەکە بۆ چوار یاریی لەسەریەک دوورخرابووەوە، بەرلەوەی بگەڕێتەوە سەر کورسیی یەدەگی یانەکە بەرامبەر نیوکاسڵ، کە تیپەکە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی دۆڕاند.
راشفۆرد لە یارییەکەی پێشوودا هیچ بەشداریی نەکرد.
پاش پێنج شکست لە دوایین شەش یارییدا لە پرێمەرلیگ، یونایتد لە پلەی 14ی ریزبەندی خولەکەیە، بەکۆکردنەوەی 22 خاڵ لە 19 یاریی و ئەوەش خراپترین پێگەیە یانەکە پێی بگات لە دوای ساڵی 1989ەوە.
ئامۆریم، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پێش یارییەکەدا گوتی، "دۆخەکە هەروەک خۆیەتی، راشفۆرد نەخۆشە و نەیتوانیوە مەشق بکات".
لە دوای دەستبەکاربوونی ئامۆریمەوە بەڕاهێنەری نوێی مانچێستەر یونایتد، جۆرێک لە نائارامی لە پەیوەندی نێوان ئەو راهێنەرە و راشفۆرددا هەیە. لەسەرەتادا ئامۆریم، راشفۆردی لە دەرەوەی پێکهاتەی یانەکەی بۆ یاریی بەرامبەر مانچێستەر سیتی دانا، بەرلەوەی دواتر ئەو یاریزانە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرای بکات، ئامادەیە بۆ تاقیکردنەوەی ئەزموونێکی نوێ لە دەرەوەی مانچێستەر یونایتد.
راشفۆرد لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە لە مانچێستەر یونایتدە.
ئەو هێرشبەرە 426 یاریی لەگەڵ یانەکەیدا ئەنجامداوە و 138 گۆڵی تۆمارکردووە. لە 2016ەوە یاریی بۆ تیپی یەکەمی یانەکە دەکات و نازناوەکانی خولی ئەوروپی، جامی یەکێتیی ئینگلتەرا و جامی ئینگلتەرای بەدەستهێناوە.