ئەنچێلۆتی دوای یاریی ڤالێنسیا بڕیارێکی چارەنووسسازی دا
رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لەدوای یارییەکەیان بەرامبەر ڤالێنسیا، بڕیارێکی چارەنووسسازی دا سەبارەت بەلەدەستدانی زۆر لە لێدانەکانی سزا لەلایەن یاریزانەکانییەوە.
لە یارییەکی دواخراوی گەڕی دوانزەی خولی ئیسپانیادا، ریال مەدرید لەسەر یاریگای مێستایا بووە میوانی یانەی ڤالێنسیا و زۆر بەزەحمەت بەئەنجامی 2-1 لێیبردەوە، کە گۆڵەکانی مێرینگێ لەلایەن لوکا مۆدریچ و جود بێلینگهامەوە تۆمارکران، بەڵام ئەمەی دوایی لەو یارییەدا لێدانێکی سزای لەدەستدا.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، چەند یاریزانێکی وەک کیلیان ئێمباپێ، ڤینیسیۆس جۆنیۆر و جود بێلینگهامی سەرپشک کردبوو، کە لە کاتی هەژمارکردنی لێدانی سزا بۆ تیپەکەیان خۆیان رێکبکەون لەسەر دیاریکردنی یەکێکیان بۆ جێبەجێکردنی لێدانەکە.
پێشتر ئەنچێلۆتی رایگەیاندبوو کە پرسی جێبەجێکردنی لێدانی سزا بۆ یاریزانەکانی لە یاریگادا جێدەهێڵێت، کە خۆیان دیاری بکەن کێ لێدانەکە جێبەجێدەکات، بەڵام ئەمجارە بۆچوونەکەی گۆڕی و بەناچاری بڕیارێکی دیکەی دا.
ئەم بڕیارەی کارلیتۆ دوای ئەوە هات کە یاریزانە دیارەکانی وەک ئێمباپێ و بێلینگهام لەم دواییانەدا 3 لێدانی سزایان لەدەستداوە، کە بێگومان کاریگەرییان بەسەر ئەنجامەکانی تیپەکەوە دەبێت.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، لە لێدوانەکانیدا دوای یارییەکە، گوتی "لە کاتی لێدانی سزای بێلینگهام، دیمیتریڤسکی گۆڵپارێزی ڤالێنسیا پێیەکانی لەسەر هێڵی گۆڵ نەبوون، بەڵام یاساکە دەڵێت ئەگەر گۆڵپارێز دەستوەردانێکی راستەوخۆی لە تۆپەکەدا نەبێت، پێویست ناکات دووبارە بکرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد "بەڵام لەدەستدانی سێ لێدانی سزا شتێکە بێزارم دەکات، پێموایە ئیدی بەرپرسیارێتی منە لەمەودوا من دیاری بکەم کە دەبێت کێ لێدانی سزا جێبەجێ بکات".
سەبارەت بەئاستی بێلینگهام ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو یارییەکی نایابی ئەنجامدا، لەدەستدانی لێدانی سزا پاڵنەرێکی زیاتری پێبەخشی، لە دوایین 30 خولەکدا ئاستێکی زۆر تایبەتی پێشکەشکرد، ئەو شایەنی ئەم درەوشاوەییە بوو".
سەبارەت بەدەرکردنی ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەنچێلۆتی روونیکردەوە "ئێمە پێمانوایە کە ئەو شایستەی ئەو کارتە سوورە نەبووە، بەڵام تیپەکە کاردانەوەی بەرامبەر ئەو بابەتە هەبوو، هەروەک چۆن کاردانەوەی هەبوو بەرامبەر لەدەستدانی لێدانی سزا. ئێمە تانە لە بریارەکە دەدەین، نازانم ئایا قبوڵ دەکات یان نا، من هیچم پێ نەگوتووە".
ئاماژەی بەوەشکرد "بەریەککەوتنێک لەنێوان ڤینیسیۆس و دیمیتریڤسکی هەبوو، دواتر پاڵپێوەنانێک لەلایەن ڤینییەوە هەبوو، پێموایە دەکرا بە دوو کارتی زەرد کێشەکە چارەسەر بکرایە".
راهێنەری ریال مەدرید، لە کۆتاییدا گوتی "ڤینیسیۆس زۆر ئازاری چەشت، من نامەوێت بڵێم کە کەوتە تەڵەیەکەوە. رۆژانێک هەن شتەکان بەباشی بەڕێوەدەچن، رۆژانی دیکەش هەن بەو شێوەیە ناڕۆن کە هیوای بۆ دەخوازی. هیوادارین ڤینی لە یاریی داهاتوودا ئامادەبێت".