رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دەڵێت "ڤینیسیۆس شایستەی کارتی سوور نەبوو و ئێستا کاتی ئەوەیە بەرپرسیارەتی دیاریکردنی جێبەجێکاری لێدانی سزا لە ئەستۆ بگرم."
کارلۆ لە دوای بردنەوەیان لە یانەی ڤالێنسیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەی لەبارەی رووداوەکانی یارییەکە کرد و لەبارەی کرانە دەرەوەی ڤینیسیۆس جونیۆرەوە بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئێمە تانە لە کارتە سوورەکە دەدەین، بزانین چی روودەدات، پێموانییە پێویستبوو کارتی سووری پێبدرێت، پێموانییە کارتە سوورەکە دروستبێت، پرسیارەکە چییە؟ بڕۆنە پرسیاری دواتر؟ ئەی لەبارەی ئەو سەرکەوتنەی شانیەتی؟ من وابیر دەکەمەوە، لە نیوەی یەکەمدا زۆر خراپ یاریمان کرد، بەهیچ سێوەیەک هاوسەنگیمان نەبوو، ڤالێنسیا بەشێوەیەکی زۆرباش دەستیپێکرد، بەڵام دوای ئەوەی گۆڵمان لێکرام باشتر یاریمان کرد و لە نیوەی دووەمدا زۆرباشتربووین، جارێکی دیکەش بەسەر بەربەستەکاندا ساڵ بووین و بە 10 یاریزانەوە یاریمان کرد، لێدانی سزامان لەدەستدا، بۆیە پێموایە شایەنی بردنەوە بووین."
راهێنەری ریال مەدرید لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی کە دەکرا، لێدانە سزاکەی جود بێلینگهام دووبارە بکرێتەوە؟ گوتی "بۆ ئەوەی ستۆڵ دیمیتریڤسکی لەسەر هێڵی گۆڵ نەبوو، پێموایە ئەگەر دەستوەردان نەکات، یان ئەگەر دەستی بە تۆپ نەکەوێت، پێویست بە دووبارە کردنەوە ناکات، ئەگەر دەست لە تۆپەکە درا دەتوانرێت لێدانەکە دووبارەبکرێتەوە، پێموایە ناوبژیوان پێی وانەبوو کە گۆڵپارێزەکە دەستوەردانی کردبێت، بەڵێ نیگەرانم بۆ ئەوەی کە سێ لێدانی سزامان لەدەستداوە، پێموایە پێویستە ئەو بەرپرسیارەتییە لە ئەستۆ بگرم و ئەو یاریزانە هەڵبژێرم کە لەمەودوا لێدانی سزا جێبەجێ دەکات."
ئەنچێلۆتی، ستایشی جود بێلینگهام دەکات و دەڵێت "بێلینگهام یارییەکی نایابی ئەنجامدا، پاڵنەرەکەی بەهۆی لەدەستدانی لێدانی سزاوە بوو، لە دوایین 30 خولەکی کۆتاییدا یارییەکی خەیاڵیی ئەنجامدا، ئەو یاریزانێکی ناوازەیە، هەوڵێکی زۆری دا، زۆر ماندوو بوو، هەوڵێکی زۆری دا و یارمەتی کیلیان ئێمباپێی دەدا، پێموایە تۆمارکردنی گۆڵی بردنەوە پاداشتێک بوو بۆ ئەو هەوڵەی کە کردوویەتی."
ریال مەدرید بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییە دواخراوەکەی لە ڤالێنسیا بردەوە و گەڕایەوە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ