شۆکێکی نوێ لەبارەی گرێبەستی بارسێلۆنا و ئۆلمۆ

04-01-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن دانی ئۆلمۆ یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وردەکاریی نوێ لەبارەی گرێبەست و نهێنی رێکەوتنی نێوان دانی ئۆلمۆ و کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا، لەلایەن میدیای کەتەلۆنیاوە ئاشکراکران.
 
دەستەی لالیگا، رازینەبوو ناوی دانی ئۆلمۆ وەک یاریزانی یانەی بارسێلۆنا، بۆ بەشی دووەمی وەرزی ئەمساڵ تۆمار بکات، بەهۆی پابەندنەبوونی بارسێلۆنا بەرێوشوێنەکانی بنمیچی مووچەی یاریزانان لە یانەکە.
 
ئۆلمۆ لە رۆژی یەکەمی ساڵی 2025ەوە بووە یاریزانێکی ئازاد، بەپێی یاساکانی لالیگاش، ئەو یاریزانە ناتوانێت ئەمساڵ یاریی بۆ یانەکە بکات و لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە نێوخۆیی و ئەورووپییەکانیش بێبەش دەبێت.
 
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی، وردەکاریی نوێی لەبارەی گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکەی ئاشکراکردووە و دەڵێ بڕیاری تۆمارنەکردنەکە، نە لای ئۆلمۆ خۆی و نەلای کارگێڕیی بارسێلۆنا، مایەی شۆک نەبووە.
 
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، گرێبەستی ئۆلمۆ لەگەڵ بارسێلۆنا کە خۆی واژۆی لەسەرکردووە، تاوەکو رۆژی 31ی 12ی 2024 بووە، ئەگەرچی ئەو یاریزانە گرێبەستێکی دیکەی درێژخایەنی لەگەڵ یانەکە بۆ ماوەی شەش وەرز هەیە.
 
بەپێی ئەوەی رۆژنامەکە رایگەیاندووە، گرێبەستی واژۆکراوی نێوان هەردوولا کە تاوەکو مانگی حەوتی ساڵی 2030ە، جیاوازە لەو گرێبەستەی کە ئۆلمۆی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 پێ تۆمارکراوە.
 
ئۆلمۆ هاوینی رابردوو بەرامبەر 60 ملیۆن یۆرۆ لە لایپزیگەوە پەیوەندی بەبارسێلۆناوە کرد. ناوی ئەو لە لیستی یاریزانانی بارسێلۆنا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 لە رۆژی 26ی مانگی هەشتدا تۆمارکرا، پاشئەوەی ئاندریاس کریستنسنی یاریزانی یانەکە دووچاری پێکانێکی درێژخایەن بوو.
 
تۆمارنەکردنی ناوی دانی ئۆلمۆ بۆ بەشی دووەمی وەرزی ئەمساڵ، بەسکانداڵێکی گەورەی کارگێڕیی بارسێلۆنا دادەنرێت. هاندەرانی یانەکەی تووڕەکردووە و هەندێکیان داوای دەستلەکارکێشانەوەی خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە