جیرۆنا بارسێلۆنا بێهیوا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی جیرۆنای ئیسپانی، رێگە لە چوونی یاریزانێکی بۆ یانەی بارسێلۆنا دەگرێت و دەڵێت "یاریزانەکە بۆ فرۆشتن نییە."
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، میدیای ئیسپانیا، ناوی ئەلێکس گارسیا، یاریزانی یانەی جیرۆنایان بە یانەی بارسێلۆنا بەستبووە، کە گوایە یانەکە دەیەوێت بە پارەیەکی گونجاو گرێبەست لەگەڵ یاریزانەکە بکات، بەڵام جیرۆنا دەستبەرداربوون لەو یاریزانە رەتدەکاتەوە.
پیێری گواردیۆلا، برای پێپ گواردیۆلا و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری جیرۆنا لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێت "ئەلێکس گارسیا بۆ فرۆشتن نییە، بۆ بارسێلۆنا و هیچ یانەیەکی دیکەش."
بەڕێوەبەری یانە کەتەلۆنییەکە زیاتر دەڵێت "ئێمە نیازمان نییە، هیچ یاریزانێکی تیپەکەمان بفرۆشین."
ئەم قسانەی پیێری گواردیۆلا لەکاتێکدان، چەند رۆژی رابردوو ناوی یاریزانە لەگەڵ بارسێلۆنا دەهات، رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ دەڵێت "بلاوگرانا پرسیاری نرخی یاریزانەکەی کردووە و جیرۆنا 20 ملیۆن یۆرۆی وەک نرخی یاریزانەکە داناوە، بەڵام زەحمەتە دەستبەرداری ببن."
ئەلێکس گارسیا، تەمەنی 26 ساڵە و گرێبەستەکەی لەگەڵ جیرۆنا لە 2026 کۆتاییدێت، یاریزانەکە لەم وەرزەدا بەدرێسی جیرۆناوە 19 یاریی ئەنجامداوە، 3 گۆڵی تۆمارکردووە و 4 ئاسیستی هەیە.
جیرۆنا لەم وەرزەدا لە لالیگا بەئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت و یاریزانەکانی بوونەتە جێگەی سەرنجی هەموو یانەکان و چاوەڕواندەکرێت یانەکانی ئەوروپا داوای یاریزانەکانی ئەو یانەیە بکەن.