گەندەڵییەکی دیکە لەسەر نەیمار ئاشکرابوو

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی پاریس سانجێرمان بە فرۆشتنی بە یانەی هیلالی سعودی لە هاوینی رابردوودا، لە قەیرانەکانی یاریزانی پێشووی، نەیمار جونیۆری ئەستێرەی بەرازیلی رزگاری نەبوو.
 
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، لە میدیای فەرەنساوە بڵاویکردەوە، دەسەڵاتی دادوەری فەرەنسا لێکۆڵینەوە لە رووداوێکی گەندەڵی دەکات کە پەیوەندی بە گواستنەوەی نەیمارەوە لە بارسێلۆناوە بۆ پاریس سانجێرمان بە بڕی 222 ملیۆن یۆرۆ لە هاوینی 2017 هەیە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ جێگری سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی گەلی فەرەنسا، هیوگ رێنسۆن دەکرێت، چونکە ئەو لە رووی باجەوە یارمەتی یانە پاریسییەکەی داوە بۆ تەواوکردنی گرانترین گرێبەست لە مێژووی تۆپی پێدا.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، رێنسۆن چەندینجار لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی یانە پاریسییەکە، ژان مارشال ریبس کۆبووەتەوە، هەندێکیان بە ئامادەبوونی ناسر خلێفی، سەرۆکی یانە پاریسەیەکە بووە.
 
هەروەها رۆژنامەکە دەشڵێت "لە بەرامبەردا جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی فەرەنسا بلیتی ئامادەبوون لە یارییەکان لە یاریگەی پارک دی پرێنسەوە وەرگرتووە، ئەمە جگە لە هەندێک بژاردەی دیکە".
 
نەیمار، تەمەن 31 ساڵ، دوای 6 وەرز لەبەرکردنی درێسی پاریس سانجێرمان، ریزەکانی ئەو یانەیەی بەرەو یانەی هیلالی سعودی بەجێهێشت، بەرامبەر بە 90 ملیۆن یۆرۆ، کە گرێبەستێکی دوو ساڵەی لەگەڵ یانە سعودییەکە واژۆکرد.
 
ئەستێرە بەرازیلییەکە نەیتوانی دڵخۆشیی خۆی بە گواستنەوەی بۆ یانەی هیلال تەواوبکات، چونکە لە یارییەکەی نێوان بەرازیل و ئۆرۆگوای لە 18ـی ئۆکتۆبەر، لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 تووشی پچڕانی خاچەبەستەری ئەژنۆی بوو.