مۆرینیۆ راستیی پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردەی بەرازیل ئاشکرا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بەنێوبانگی پۆرتوگالی و یانەی رۆما، وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لەوە دەکەن ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل.
 
لە ماوەی رابردوو ناوی کارلۆ ئەنچێلۆتی بە هەڵبژاردەکەوە بەسترابووەوە و هەواڵی زۆری لەبارەوە بڵاوکرایەوە، بەڵام راهێنەرەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید نوێکردەوە و بەرازیل بێ راهێنەر مایەوە.
 
دوای نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەنچێلۆتی، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە مۆرینیۆ بەربژێرە بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری سیلیساو، بەڵام جۆزێ ئەوە رەتدەکاتەوە.
 
مۆرینیۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یاریی رۆما و کریمۆنێسی لە جامی ئیتاڵیا گوتی "کەس پەیوەندیی پێوەنەکردووم، کەس لەلایەنی بەرازیلی پەیوەندیی بە من و بەڕێوەبەری کارەکانیشم نەکردووە بۆ ئەوەی ببمە راهێنەری داهاتووی سامبا."
 
جۆزێ گرێبەستەکەی لەگەڵ رۆما تاوەکو 30-6-2024 بەردەوامدەبێت، تاوەکو ئێستا راهێنەرەکە بڕیاری نەداوە گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە یان نا.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل، دوای ئەوەی لە مۆندیالی 2022 شکستیهێنا بەبێ راهێنەر مایەوە، کاتێک تێتی دەستیلەکارکێشایەوە، ئێستا فێرناندۆ دینێز، بەشێوەیەکی کاتی مەشقەکانی هەڵبژاردەکە دەداتەوە، کە لە هەمان کاتدا راهێنەری یانەی فلومینێنسی ئەو وڵاتەیە.
 
جۆزێ مۆرینیۆ پێشتر باسی لە پەیوەندیکردنی بە خولی سعودیەوە کردووە و رایگەیاندبوو، رۆژێک لە رۆژان لە سعودیە دەیبینن، بەڵام دیارنییە کەی.