سعودیە بە گرێبەستێکی گەورە جیهان سەرسام دەکات

04-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خولی سعودی
A+ A-
 
رووداود دیجیتاڵ

هەنگاوە سەرنجڕاکێشەکانی یانەکانی سعودیە بۆ گواستنەوەی ئەستێرە گەورەکانی ئەوروپا بەردەوامن، یانەیەکی دیکە دەیەوێت یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی ئەوروپا بگوازێتەوە.
 
نەواف عقیل، رۆژنامەڤانێکی سعودیە و دەڵێت "یانەی قادسییەی سعودی هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی کیڤن دیبرۆین، ئەستێرەی بەلجیکی و یانەی مانچێستەر سیتی دەستپێکردووە."
 
رۆژنامەڤانەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، زەبەڵاحە نوێیەکەی داهاتووی خولی سعودی، یانەی قادسییە دەبێت، یانەکە دیبرۆینی کردووەتە ئامانج و دەیەوێت ئەو یاریزانە لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا بباتە ریزەکانی."
 
قادسییە لە خولی رۆشنی سعودییە نییە، بەڵکو لە خولی پلە یەک یاریی دەکات و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە و نزیکە بگاتە خولی رۆشن، کارگێڕیی یانەکە دەیەوێت بەهێزەوە لەو خولەدا دەربکەوێت و بۆ ئەوەش گواستنەوەی ئەستێرەکەی مانچێستەر سیتیی کردووەتە ئامانج.
 
هەوڵەکانی یانەی قادسییە بۆ گواستنەوەی کیڤن دیبرۆین، لەکاتێکدایە یانەکانی ئەو وڵاتە کار بۆ گواستنەوەی محەممەد سەڵاح و سۆن هیونگ مین دەکەن، بەڵام داهاتووی ئەو یاریزانانە دیارنییە.
 
هەفتەیەک لەمەوبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەبارەی خولی سعودییەوە گوتی "خولەکە پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە، پەیامی من بۆ هەموو ئەستێرە گەورەکان ئەوەیە بێنە سعودیە و چێژ لەم خولە ببینن."
 
یانەی قادسییە لە خولی پلە یەکی سعودیە، تاوەکو ئێستا 16 یاریی ئەنجامداوە و تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، یانەکە لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 37 خاڵ.




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە